بازرگانیی عێراق: لەم هەفتەیەدا نوێکردنەوەی فۆرمی خۆراک لە پارێزگای هەڵەبجە دەستپێدەکات

28-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی پرۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لەم هەفتەیەدا پرۆسەی نوێکردنەوە لە پارێزگای هەڵەبجە دەستپێدەکات. تاوەکو ئێستاش 20 ملیۆن کەس زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 28ی نیسانی 2025 رایگەیاند، "لەم هەفتەیەدا پرۆسەی نوێکردنەوەی فۆرمی خۆراک لە پارێزگای هەڵەبجە دەستپێدەکات، دواتر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە". 
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 28ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەیەکە وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات". 
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری و  پیشەسازی و بازرگانی ئاماژەی بەوەکرد، پرۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق دەستپێکردووە، بەهۆیەوە ماوەیەکی زۆرە دەرهێنانی فۆرمی خۆراک و زیادکردن وەستاوە. فۆرمی خۆراک وەک کارتی بایۆمەتری لێدەکریت. دەبێت هەموو خەڵک زانیارییەکانی نوێ بکاتەوە و دەری بهێنن. 
 
پرۆسەکە لە شەش پارێزگای عێراق دەستیپێکردووە، کە بریتین لە پارێزگاکانی واست، سەلاحەدین، ئەنبار، دیالە، میسان و دیوانییە. محەممەد حەنوون دەڵێت، پلان هەیە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە نوێکردنەوە لە بەسرە و زیقار دەستپێبکرێت.
 
سەبارەت بە دوایین ئاماری نوێی کردنەوەکە، گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە زانیارییەکانیان لە پڕۆژەی کارتی ئەلیکترۆنی نوێکردووەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 20 ملیۆن کەس.
 
وەزارەتەکە داوا لەو کەسانە دەکات، کە نوێکردنەوە دەیانگرێتەوە، پەلە بکەن لە تەواوکردنی رێکارەکانیان لە ماوەی دیاریکراودا، بۆ ئەوەی لە ئەگەری نوێنەکردنەوەی زانیارییەکاندا، بەشەخۆراکیان رانەگیرێت.
 
محەممەد حەنوون جەختی لەوە کردەوە ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانی بۆ پاراستنی پارەی گشتی و نەهێشتنی سەرپێچی و دووبارەیی لە سیستمی فۆرمی خۆراکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی دڵنیابوون لەوەی کە فۆرمەکە دەگاتە ئەو کەسانەی شایستەی راستەقینەی خۆیانن، لەگەڵ ئاسانکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی فۆرمی خۆراک بە هاووڵاتییان، لەوانە لابردنی بلۆککردن، زیادکردن و جیاکردنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".