بافڵ تاڵەبانی لە دیداری یەکێتی: پاشکۆی هیچ حیزب و وڵاتێک نابین

28-05-2022
گۆڤەند مستەفا
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "بەهۆی کێشەکانی نێو یەکێتی هەڵەمان هەبووە، بەڵام داوا لە حیزبەکان دەکەم ئەگەر بەم حکومڕانییەی یەکێتی رازی نین، وەرن با بەیەکەوە چەترێک دروست بکەین و لەم هەڵبژاردنە گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە حکومڕانی کوردستان بکەین."
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دیداری یەکێتیدا بەشداری لە گفتوگۆیەکدا کرد و لەسەر پلانی یەکێتی بۆ داهاتوو، سیاسەتی یەکێتی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە، چینی گەنجان، ناڕازیبوونی یەكێتی لە حکومەت، کۆبوونەوەی حیزبەکان و پلاسخارت هەڵوێستی خۆی خستەڕوو. 
 
لەبارەی سیاسەتی یەکێتی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا بافڵ تاڵەبانی گوتی، "وەک یەکێتی سیاسیەتی خۆمان هەیە، پاشکۆی هیچ حیزب و وڵاتێک نابین."   
 
گفتوگۆ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەمیانی بەڕێوەچوونی دیداری یەکێتی لە سلێمانی: 
 
پرسیار: دەڵێن وازت لە وەرزش هێناوە، لەبەر ئەوەی لە رۆژێکدا 12 کۆبوونەوە دەکەی، دوو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و کۆبوونەوەیەکی کارگێڕ لە بەغدا و سێ کۆبوونەوە لە هەولێر و دوو کۆبوونەوەی دیکە. بەڕاستی وازت لە وەرزش هێناوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: چاوەڕێی زۆر پرسیارم دەکرد، چاوەڕێی ئەو پرسیارەم نەدەکرد، پێموایە بە پرسیاری ئاسان دەستپێدەکەیت و دواتر قورستر دەبێت. جارێ 12 کۆبوونەوە کەمە، زۆر دڵخۆشم ئەگەر لە رۆژێکدا 12 کۆبوونەوە بکەین، بەڵێ وایە وازم لە وەرزش هێناوە، زیاتر لە ساڵێکە وەرزش ناکەم، لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان؛ دوای رووداوەکانی 8ـی مانگ دڵم تۆزێک ئەزیەتی هەبوو، پێویستم بە پشوودان هەبوو. دوای ئەوەش خراپ کەوتم چەن ماسولکەیەک لە قۆڵم دڕا، دوای نەشتەرگەرییەک ئێستا باشتر بوومەتەوە، سوپاستان دەکەم کە نیگەرانی تەندروستیمن، تەندروستیم زۆر باشە و هیچ کێشەی نییە بۆشتان دەسەلێمێنم کە دەست بە وەرزش دەکەمەوە و بەڵێنیشتان پێدەدەم تا 19ـی 2 رۆژی لەدایکبوونم 200 کیلۆگرامتان بۆ دێت لیفت دەکەم و دەشیخەمە سەر ئینەرنێت. 
 
پرسیار: ئەمڕۆ دیداری یەکێتیە، سێ رۆژی دیکە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. یەکێتی بە سێ چوار رۆژی زۆر گرنگی دووبارە نوێبوونەوەی خۆیدا تێدەپەڕێت، وەکو کاک قوبادیش ئاماژەی پێکرد کە گوتی تەواوکارییەکانی کۆنگرە لەم دیداری یەکێتیدا جێبەجێ دەکرێت، لە کۆنگرە هەندێک کێشە چارەسەر بوو هەندێکی کێشەی دیکە دروست بوون. بەڕاستی کۆنگرە بۆ نەیتوانی هەموو ئەو گۆڕانکاریانە کە پێویست بوون بیکات؟ ئەگەر کۆنگرە کاروبارەکانی بە باشی جێبەجێ کرد، ئەی بۆ پێویستمان بە دیداری یەکێتی بوو؟
 
بافڵ تاڵەبانی: رای من وەکو رای کاک قوبادە، بەڵێ ئەم دیدارە دەبێتە تەواوکەری کۆنگرە، بەڵام رام تۆزێک جیاوازە لە هەندێک لە برادەرەکانی کە قسەیان لەگەڵدا دەکەم. من پێموایە دەمێک ساڵ بوو کۆنگرە نەکرابوو، واقیعیش نەبوو تەسەور بکەین بە کۆنگرەیەک هەموو کێشەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چارەسەر دەبێت. باشترین و رێکوپێکترین کۆنگرەمان بکردابووایە پێموایە هەر پێویستمان بەم دیدارە دەبوو.
 
زۆر دەمێکە ئێمە دانەنیشتووین بە یەکەوە، پرسیاری قورسمان لە خۆمان نەکردووە تا بزانین بۆ هەرێمی کوردستان وایە؟ بۆ عێراق وایە؟ بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان وان؟ سیاسەتی ئێمە بۆ ئەو کێشانە چی بێت؟ بۆیە دەستخۆشی لە هەر هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەم کە ئەو دیدارەیان رێکخستووە و ئەوانەی کە بەشداری دیدارەکەشن، چونکە ئەو پرسیارانە هەر دەبووایە لە خۆمانی بکەین.
 
پرسیار: لە کاتێکدا دیداری یەکێتی دەکرێت، کۆنفرانس بکرێت، کۆبوونەوە بکرێت، هەر شتێک بۆ نوێبوونەوەی یەکێتی بکرێت، هەندێکجار هەندێک گومان و ترس دروست دەکات لە دڵی ئەو کادرانەی کە ساڵانێکی زۆرە خزمەت دەکەن. هەندێکیان وا پێناسەی دەکەن کە یەکێتی لەو جۆرە دیدار و کۆبوونەوە و رێکخستنەوەی هەیکەلی حیزبەکە ئەوان پشتگوێ بخرێن. ئایا بەڕاستی سیاسەتێک هەیە بەناوی پشتگوێخستنی ئەو کادرانەی کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن، با راستیش بڵێین وەک سەرکردایەتیەکانمان و مەکتەبی سیاسیەکانمان دواتریش ئەو کادیرانەی کە لەنێو مەڵبەند و کۆمیتەکاندا هەن؟ 
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر کادرە بە ئەزموونەکانمان وا بیردەکەنەوە، ئەوە هەڵەی ئێمەیە کە نەمانتوانیوە تێیان بگەیێنین چەند رێزیان دەگرین، چەند پێویستیمان بە ئەزموونی ئەوان هەیە و چەند خۆشەویستن لەلای ئێمە. کە باسی یەکێتی دەکرێت زۆر گوێم لێدەبێت یەکێتی تازە.. یەکێتی تازە.. راستییەکەی من حەزم لەوە نییە. یەکێتی با ببێتەوە بە یەکێتی مام جەلال با ببێتەوە بە یەکێتی ئێمە، من پێموایە پێویستمان بەوەیە کۆمەڵێک گەنج، بەشێکی ژنان، چەندین لایەنی دیکە خوێنی یەکێتی تازە بکەینەوە، بەڵام شان بەشان لەگەڵ کادرە کۆن و بە ئەزموونەکانمان. من پێموایە بە یەکەوە دەتوانین ئەو حیزبە زیاتر ببەینە پێشەوە، ناڵێم ببەینە پێشەوە چونکە چووینەتە پێشەوە، بەڵام زیاتر دەتوانین بیبەینە پێشەوە.
 
پرسیار: باسی خوێنی تازەت کرد، لە ماوەی سێ چوار مانگی رابردوودا کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیدارت هەبوو لەگەڵ گەنجان، چ لە زانکۆ و پەیمانگاکان یان کاسبکاری ناو بازاڕ. چۆن خوێندنەوە بۆ ئەو گەنجانە دەکەی کە ئەمڕۆ جەنابت دەبینن و حەزێکت هەیە بۆ ئەوەی ئەو گەنجانە زیاتر لە یەکێتی نزیک ببنەوە؟ چۆن یەکێتی دەتوانێت هاوکاریان بێت لەنێو حیزبەکە یان دەرەوەی حیزبەکە هاوسۆزبن لەگەڵ ئەو حیزبە بۆ بەرەوپێشەوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: وابزانم هەر خۆم زیاتر لە 31 کاژێر و نیو دانیشتنم لەگەڵ گەنجەکانی کوردستان بە گشتی کردووە، نەک هەر گەنجەکانی سلێمانی. بەڕاستی یەکەمجار کە لەگەڵیان دانیشتنم پرسیارەکەم بۆ ئەو هەڤاڵانە ئەوەبوو بۆ ئێوە خۆپیشاندان دەکەن؟ بەڵام دوای یەکەمین کۆبوونەوە پێویستیکرد پرسیاریان لێ بکەم بۆ نەتانکردووە تاوەکو ئێستا؟ بەو خودایە ئەو رۆژانەی لەگەڵ ئەو خوێندکارانە دانیشتبووم شەرمم دەکرد کە ئێمە لە حکومەتێکین کە توانیویەتی وا ئەو گەنجانە فەرامۆش بکات. کە دانیشتم لەگەڵیان زۆر زوو تێگەیشتم کە زۆر شت هەیە ئێمە دەتوانین لێیان فێربین، زۆر زیرەک و بەتوانان، بەڵام بە داخەوە خەریکە هیوایان نامێنێت. ئێمە دەبێت هیوایان پێ ببەخشینەوە. ئەم گەنجانە ئەو حیزبە بۆ پێشەوە دەبەن، ئەم گەنجانە ئەو وڵاتە بۆ پێشەوە دەبەن.. کە من بینیم ئەم گەنجانە زۆر زوو تێگەیشتم ئەوەی کە ئێمە هەمانە نە نەوتە نە غازە، ئەوەی کە ئێمە هەمانە ئەو گەنجانەن. ئێمە دەبێت رێگە خۆش بکەین بۆ ئەو گەنجانە بێنە ناو حیزبەکەمان و ناو حکومەت هاوکارمان بن، چونکە دڵنیابن ئەو نەوەیە شتێکی زۆر سەیرە.. من کە دانیشتنم لەگەڵیان دەیان شت فێربووم. بۆیە داوا لە گەنجان دەکەم متمانەیان بەخۆیان هەبێت، سەلماندوویانە دەتوانن شت بگۆڕن، بەڵام بەوە رازی مەبن، من حەز دەکەم بێنە نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان یان چ حیزبێک کە بڕوایان پێیەتی چونکە وا دەتوانن دۆخەکە بگۆڕن.
 
نموونەیەکتان بۆ دەهێنمەوە.. زۆرجار دەڵێن ئەگەر ئێوە ناڕازین لەو حکومەتە بۆ نایەنە دەرەوە لەو حکومەتە؟ ئێمە گلەییمان هەیە لە حکومەت، بەڵام لە ژوورەوە دەتوانین شتەکان چاک بکەین، لە دەرەوە ناتوانین دۆخەکان چاک بکەین.. بۆیە داوا لە گەنجان دەکەم وەرن بۆ کۆمەڵەی خوێندکاران بەرنامەیەکی تازەمان هەیە بۆ ئەو رێکخراوە و ئینشەڵا بە جۆرێکی تازە زیندووی دەکەینەوە، بڕۆنە مەڵبەندەکان و کۆمیتەکانمان، قسە لەگەڵ برادەرەکانتان بکەن و بیانخەنە ناو یەکێتی ئینشەڵڵا دەتوانین بڕوا بە یەکتری بکەین کە بەیەکەوە دەتوانین دۆخی کوردستان بە تایبەت دۆخی گەنجان و ژنان باش بکەین.
 
پرسیار: زۆر دەمێکە یەکێتی لە بەرەیەک نەبووە و ئۆپۆزسیۆن و حیزبەکانی دیکە کە لەنێو حکومەتدا نین وەکو یەکێتی بە یەکەوە بن، حیزبێکی دیکە لەوبەربێت لەسەر یەک مەسەلە کە پێی دەگوترێت هەڵبژاردن و رێکخستنەوەی کۆمیسیۆن. بەڕاستی ئەمە شتێکی دژەباوە، ئەوە شتە چاوەڕوانکراو بوو؟ یان بۆ دەکرێت حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لەگەڵ یەکێتی هاوڕابن، چ شتێک ئەوانی بەو بڕوایە گەیاند؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە زۆر روونە لای من بۆ دۆخەکە وایە، من پێموایە زۆربەی خەڵکی کوردستان و هەموو حیزبەکان بێجگە رەنگە لە حیزبێک یان دوو حیزب رازی نەبن بە جۆری حکومڕانی لەو وڵاتە. با راشکاو بین لەگەڵ یەکدی، ئێمە وەکو یەکێتی ئەمڕۆ سیاسەتی خۆمانمان هەیە، پاشکۆی هیچ لایەنێک نابین، هیچ حیزبێک نابین و هیچ وڵاتێک نابین. ئێمە سیاسەتی خۆمانمان هەیە، هەڤاڵەکانمان بەجێ ناهێڵین، دانیشتن زۆر جیددیمان لەگەڵ هەموو حیزبەکان کردووە بە پارتی دیموکراتی کوردستانیەوە، توانیومانە تێبگەین کێشەکانمان لەو هەڵبژاردنە چییە؟ خۆشبەختانە زۆربەی حیزبەکانیش رایان وەکو ئێمەیە، رەنگە زووبێت بڵێم لەگەڵ ئێمەن، بەڵام من داوا لەو حیزبانە دەکەم لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێبگەن، زۆر بە جیددیمانە ئێمە دەمانەوێت خزمەتی ئەو وڵاتە بکەین، ئێمە دەزانین لەبەر کێشەکانی نێوخۆمان هەڵەمان هەبووە، وەکو پێویست بۆ هەندێک بابەت کارمان نەکردووە، بەڵام دڵنیابن یەکێتی ئەمڕۆ ئەو یەکێتیەیە کە دێت کاری خۆی دەکات بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە یەکەمجار ئینجا بۆ حیزبەکەی خۆی. بۆیە داوا لەو حیزبانە دەکەم ئەگەر بەو حکومڕانیە رازی نین، وەرن با چەترێک دروست بکەین بەیەکەوە، کارێکی وا بکەین کە لەو هەڵبژاردنە بتوانین گۆڕانکارییەکی راستەقینە بکەین لە حکومڕانی کوردستان.
 
پرسیار: لە هەولێر کۆبوونەوەیەکتان لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق کرد، تا راددەیەک نێوەرۆکی ناو کۆبوونەوەکە بەڕاستی نەگەیشت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. بەڕاستی لەو کۆبوونەوەیە باسی چی کرا؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی کە من تێیگەیشتم لەو کۆبوونەوەیە دوو سێ شت بوو. یەکەمیان؛ نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر نیگەرانبوو لەوەی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ یەک قسە ناکەن، ئەوەی کە من تێیگەیشتم بە بیانووی هەڵبژاردن ئێمەیان کۆکردەوە، جا بزانن ئەوە چەند خراپە کە ئێمە پێویستمان بە نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە بێن کوردەکان کۆبکەنەوە. بەڵام کە دانیشتین و قسەمان کرد باسی کێشەکانی هەڵبژاردنمان کرد. شتەکانی کە باسکران مەسەلەی کۆمیسیۆن بوو، بازنەکان، یاسای هەڵبژاردن، دابەشکردنی کورسییەکان، پرسی کەمینەکان و کۆتاکان بوو. پێموایە ئەمە یەکەمین کۆبوونەوە بوو دوایین کۆبوونەوە نابێت، پێشنیازکراوە 9ـی مانگ دانیشتنێکی دیکە بکەین. ئامانجی ئێمە ئەوەیە رایەکان لەیەک نزیک بکەینەوە، تاوەکو بتوانین گۆڕانکارییەکی جیددی بکەین لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و شتەکانی دیکەش، بۆ ئەوەی بە زووترین کات هەڵبژاردنێک بکەین کە باڵانسی هێز لە کوردستان راست بکەینەوە. 
پرسیار: لە ماوەی پێشوودا رۆژ هەبوو 18 کۆبوونەوە کراوە لەگەڵ لایەنی جیاواز لەگەڵ ئەندام پەرلەمان، ئاڵۆزییەکی زۆر لە بەغدا دروستبوو، ئایا بەڕاستی یەکێتی واژۆی لەسەر هیچ رێککەوتنێک کردووە بە ئاشکرا یان نهێنی؟ ئەگەر نەیکردووە هۆکارە سەرەکییە چییە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: لایەکی دیکەی حیزبێکی دیکەی کوردی رێککەوتنێکی کردووە، زۆرجار پرسیار لە ئێمە دەکرێت ئایا ئێوە ئاگاتان لەو رێککەوتنە هەبوو؟ دەتانتوانی بەشێک بن لەو رێککەوتنە؟ وەڵامی من با بە راشکاوانە پێتان بڵێم درەنگ ئاگامان لێبوو، مەجال هەبوو ئێمەش ئەو رێککەوتنە واژۆ بکەین.. نەشمانکرد و بەو جۆرەش نایکەین. مەسەلە سەرۆککۆمار نییە، مەسەلە ئەوەیە پرەنسیپێک هەیە کە ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێمانوایە هەڵەیەکی ستراتیجییە ئێمە ببینە بەشێک لە کێشەی نێوخۆی، بۆ نموونە برا شیعەکانمان برا سوننەکانمان. ئەگەر ئێمە لەو بابەتانە قسە دەکەین حەقە ئێمە قسەی خێر بکەین، کارێک بکەین کە ئەم لایەنانە نزیکی یەک بکەینەوە. بێجگە لەوە بەڕاستی ئەو رێککەوتنە هیچی تێدا نەبوو کە بۆ کوردستان باش بێت، کە بۆ ئێوە باش بێت. سەیرمان کرد نە باسی پێشمەرگەی کراوە، نە باسی مووچە کراوە، نە باسی هیچ شتێک کە بۆ ئێمە گرنگ بێت نەکراوە.. لە هەمووی گرنگتر کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان هەر باس نەکرابوو لەو رێککەوتنە.

 

ئێمە پێش ئەوەی بچین بۆ بەغدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تیمەکەی کاک قوباد کاخەزێکیان ئامادەکردبوو، 22 خاڵی تێدابوو، لەو 22 خاڵە شتی زۆر باشی تێدابوو کە بۆ کوردستان و بۆ عێراقیش باشبوو، بەڵام بە داخەوە لایەکی کورد چوو ئەوەی فەرامۆش کرد و شتێکی واژۆ کرد کە بەڕاستی بەهای ئەو کاخەزەی نییە کە واژۆی لەسەر کراوە.

 

ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین مام جەلالانە کار بکەین، ئێمە دەبێت هەوڵبدەین خەڵک کۆبکەینەوە نەک خەڵک جیا بکەینەوە لە یەک پێشموایە سیاسەتەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دروستە. هەم لە مەسەلەی سەرۆککۆمار سەرکەوتوو دەبین هەم بۆ ئەو هەڵبژاردنەی داهاتوو لە کوردستان لەوێش سەرکەوتوو دەبین.
 
پرسیار: سەرچاوەیەکی سروشتی ئەو وڵاتە کە غازە بۆ دەبێت ئەوەندە کێشەی سیاسی لەسەر دروست بکرێت، بۆ دەبێت میدیاکارەکانمان ئەوەندە بابەت لەسەر بابەتی غاز دروست بکەن؟ بەڕاستی ئەوەی کە گوتت غاز دەبێت بەسەر لاشەی مندا بڕوات، بە جیددیتە دەبێت غاز وا بڕوات؟
 
بافڵ تاڵەبانی: با ئەوەتان بۆ روون بکەمەوە، گلەیی ناکەم لە شتی کە پێشتر روویداوە، بەڵام سیاسەتی نەوت و سیستمەکەی کە بەکاردەهێندرێت بۆ نەوت لە کوردستان من لێی رازی نیم، ئەوەی کە من لێی تێگەیشتووم لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم بۆ نەوتی کوردستان ئەوەیە کە نزیکی 60٪ی داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکانی کە نەوتەکە دەردەهێنن و ئەوانەی دەیفرۆشن و دەیکڕن و ئەوانەی نەوتەکە دەگوازنەوە.

 

پرسیارەکەی من ئەوەیە ئێمە نەوتی کوردستان لەو خاکە جوانە کە ئەو هەموو خوێنەی لەسەر رژاوە، ئێمە دەریدەهێنین تاوەکو چەند کۆمپانیایەک دەوڵەمەند بکەین؟ یان بۆ ئەوەمانە خزمەتی خەڵکی خۆمانی پێ بکەین؟ زۆرجار لەگەڵ جەنابتان دانیشتووم باسی عێراقم بۆ دەکەن و دەڵێن عێراق شکاوە و دۆخی خراپە، عێراق وایە.. عێراق وایە.. بەو کێشانەی عێراق هەیەتی زیاتر لە 30%ـی داهاتی نەوت دەچێت بۆ کۆمپانیاکان و 70%ـی دەگەڕێتەوە خاکی عێراق.
 
راستە ئەو کابینەیە دەڵێت ئەوە ئیشیمن نییە و من نەمکردووە، زۆر ئاساییە وەرن با بە یەکەوە چاکی بکەین، مەبەستی من ئەوەیە کوردستان هەر غازی ماوە، دەبێت سیاسەتەکەمان بۆ غاز دروست بێت دەبێت سیاسەتێک بێت کە خەڵکی کوردستان قازانج لەو غازە ببینێت. هەڵە تێمەگەن ئێمە دژی ئەوە نین غاز بەکاربێت و بڕوات بۆ ئەوروپا، بە پێچەوانەوە هەڤاڵەکانمان زۆربەیان لە ئەوروپان، من و برادەرانی دژەتیرۆر کە لەوێ دانیشتوون شان بە شان شەڕمان کردووە لەگەڵ هێزەکانی ئەوروپا پشتیوانی ئێمە بوونە. 

 

ئێمە دەمانەوێت غازی کوردستان بەو جۆرە بەکارنەهێندرێت، پێویستمان بە سیاسەتێکی روون و شەفافە کە باش بێت بۆ ئەو کوردستانە، بۆ عێراق و بۆ وڵاتەکانی کە قازانج لەو غازە دەبینن. ئەگەر هەرچ لایەک بیەوێت بە جۆرێکی دیکە ئەو غازە بەکاربهێندرێت من ئەو قسەیە دووبارە دەکەمەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوێستان محەممەد میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو

کوێستان محەممەد: یاسای لێبووردنی گشتی نزیکەی نیوەی سزادراوان دەگرێتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە هەولێر رێژەی سزادراوان نزیکبووەتەوە لە سێ هێندەی توانای چاکسازییەکە و 350 سزادراویش لە بنکەکانی پۆلیسن، بۆ ئەوەی شوێنێک لە چاکسازییەکان چۆڵ ببێت.