رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق، ستایشی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و رایگەیاند، رووداو یەکێکە لە سەرچاوە هەواڵییە سەرەکییەکان لە عێراق و باڵیۆزخانەکەیان وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ پێداچوونەوەی رۆژانەی رۆژنامەڤانی پشتی پێدەبەستێت.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا لە پەیامێکدا بۆ رووداو رایگەیاند: "رووداو یەکێکە لە سەرچاوە هەواڵییە سەرەکییەکان لە عێراق. ئێمە وەک باڵیۆزخانە، رووداو بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی زانیاری بۆ پێداچوونەوەی رۆژانەی رۆژنامەڤانیمان دادەنێین."
هەروەها گوتیشی: "تێبینیم کردووە کە رووداو بەردەوام بابەتی سەرنجڕاکێشی هەیە، نەک تەنیا وەک هەواڵ، بەڵکو هەروەها وەک شرۆڤەش. رووداو هاندەدەم بەم شێوەیە بمێنێتەوە، چونکە پێموایە یەکێکە لە باشترین سەرچاوەکانی هەواڵ لە عێراق."
سەبارەت بە دۆخی ئازادیی رۆژنامەڤانی، باڵیۆز دۆبرێ کە پێشتر کاری رۆژنامەڤانی کردووە، ئاماژەی بەوەدا: "من پێشتر رۆژنامەڤان بووم، بۆیە زۆر پشتیوانی لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەڤانی لە هەموو وڵاتێکدا دەکەم."
لە درێژەی قسەکانیدا، باڵیۆزی رۆمانیا روونیکردەوە: "بێگومان ئێستا وەک باڵیۆزێک ناتوانم بە شێوەیەکی دروست هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی رۆژنامەڤانی لە عێراق بکەم، بەڵام ژمارەیەکی زۆری رێکخراوی نێودەوڵەتی هەن ئەو کارە دەکەن، پێویستە سەیری قسەکانی ئەوان بکەین و هەنگاو بگرینەبەر، ئەگەر پێویست بوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ