رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە بەشێک لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جەژنی قوربانە، بەڵام لەبەرئەوەی کە حکومەتی ئێران ئەمڕۆی وەک رۆژی جەژن رانەگەیاندووە، لە زۆر شوێنی رۆژهەڵاتی کوردستانیش جەژن نەکراوە.
ئەمڕۆ، هاوکات لەگەڵ وڵاتانی سوننە مەزهەب و بەتایبەت هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی زۆری گوند و شارە سوننە مەزهەبەکانی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رێوڕەسمەکانی جەژنی قوربان بەڕێوەچوون.
خەڵکی ئەو شوێنانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە جەژنیان کردووە، ئەمڕۆ چوونەتە مزگەوت، نوێژی جەژنیان کرد و لە زۆر شوێن خەڵکی قوربانییان کرد و خەڵک داوای گەردن ئازادییان لە یەکدی کرد.
خەڵکێکی زۆر، لەوانە شیعە مەزهەبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان جەژنیان نەکرد. حکومەتی ئێران ئەمڕۆی وەک رۆژی جەژن دەستنیشان نەکرد و دەوامی فەرمانگەکان ئاسایی بوو.
جەژنی رەمەزانی ئەمساڵیش لە ئێران و زۆر شوێنی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژێک درەنگتر لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ