رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابەزێت.
رۆژی هەینی 28-07-2023 سیروان عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر و دەوروبەری لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد، لەبارەی نرخی بەنزین رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کاتییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دادەبەزێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 26-07-2023 راگەیێندراوێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت، لەپێناو رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکە، رێگە بە تەواوی کۆمپانیاکان دەدەن بەنزین هاوردە بکەن. سیروان عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی، "بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین."
چەند رۆژێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک لە شاری هەولێر بۆ هەر لیترێک لەنێوان 200 بۆ 300 دینار زیادیکردووە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە لە سلێمانی ناگاتە 100 دینار.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، بەگشتی نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر لەنێوان 1050 بۆ 1100 دینار دەبێت، لە کاتێکدا ئەو نرخە لە سلێمانی لەنێوان 875 بۆ 900 دینار دەبێت.
وەکو سیروان عەبدوڵڵا دەڵێت، نزیکەی 14 بەنزینخانە بەهۆی فرۆشتنی بەنزین بە کوالێتیی نزم داخراون و پێبژاردن دەکرێن، ئاماژە بەوەش دەکات لە بازگە و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، رێگە بە هاوردەی بەنزین بە کوالێتییەکی نزم نادرێت، بەڵام دوای هاوردەکردن هەندێک لە بازرگانان دەستکاریی کوالێتییەکەی دەکەن.
سەرۆکی بەنزینخانەکانی هەولێر و دەوروبەری ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 30 بۆ 40 بەنزینخانەی بێ مۆڵەت هەن کە بەنزین بە کوالێتیی کەم دەفرۆشن. جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو بەنزینخانانە بۆ ماوەی چەند رۆژێک دادەخرێن و نزیکەی دوو ملیۆن دیناریش پێبژاردن دەکرێن.
سیروان عەبدوڵڵا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ وەستانی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەی کار و پاڵاوگەی بێجی؛ گوتیشی، ئێستا بەنزین هاوردەی هەولێر ناکرێت و ئەو بەشە بەنزینەش کە هەیە، تەنیا بەرهەمی ناوخۆییە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر و دەوروبەری ئەوەشی خستەڕوو، "کۆمپانیای لاناس لە هەرێمی کوردستان رۆژانە دوو ملیۆن لیتر بەنزین بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکات کە ملیۆنێکی بە شێوەی حکومی و ملیۆنێکیش بە شێوەی بازرگانی و تایبەت دابەش دەکرێت."
بارزگانان بەروارد بە چەند مانگی رابردوو کەمتر لە ئێرانەوە بەنزین هاوردە دەکەن، ئەوەش بەهۆی دەنگۆی ناردنی بەنزینی 450 دیناری لە بەغداوەیە و ئەو ترسەی لای بازرگانان دروست کردووە کە بەنزینی هاوردە بە نرخێکی زیاتر، ئەگەری نەفرۆشری هەیە.
سیراوان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، "دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، دەبێ وەزارەتی نەوتی عێراق وەکو پارێزگاکانی دیکە، بەنزینی 450 دیناری بۆ پاریزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات کە تاوەکو ئێستا نەکراوە. ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ئەوە بەنزین بە نرخێکی یەکسان بۆ هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت."
رۆژی 26ى تەممووزى 2023، شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەیەکى حکومەتى عێراقى کۆبوونەوە، لەبارەى پرسی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق رێککەوتن و کۆنووسێکیان واژۆ کرد.
بەگوێرەى ئەو زانیاريیانەى کە تۆڕى میديایی رووداو لە سەرچاوەيەكى ئاگادارى بەغداوە دەستى کەوتووە، ئەو کۆنووسى رێککەوتنەى کە لەنێوان شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەبارەى بودجە واژۆ کراوە، نێردراوە بۆ نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆكوەزيرانى عێراق بە مەبەستى رەزامەندیدان لەسەرى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ