رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە هەمان میکانیزمەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021ی پەرلەمانی عێراق دەبێت و پشت بە هەردوو میکانیزمی ئەلیکترۆنی و دەست دەبەسترێت. دەشڵێت، "178 هەزار و 123 کەس بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە."
رۆژی دووشەممە 28-08-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەبارەی سیستمی دەنگدان و هەژمارکردنی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو میکانیزمانەی بۆ دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەڕووی بەکارهێنانی ئامێر و بە دەستی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 پەیڕەومان کرد، هەمان میکانیزم و سیستم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەکاردەهێنین و دواتر وردەکاریی زیاتریش بڵاودەکەینەوە."
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی، ئامادەکارییەکان لەڕووی ئامادەکردنی ئامێرەکان و هۆڵەکان و پشکنینی کۆگا و وردەکاریی دیکە دەستیانپێکردووە، "گرنگە دەنگدەران تۆماری خۆیان نوێ بکەنەوە، چونکە تاوەکو ئێستا 178 هەزار و 123 کەس تۆماری خۆیان نوێکردووەتەوە و ئومێد دەکەین لەو ماوەیەی تاوەکو 9ی ئەیلوول ماوە، خەڵکێکی زیاتر روو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆئەوەی تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە."
عیماد جەمیل ئاماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد و گوتی، "سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 دەنگدەرن."
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت.
رۆژی 3ی ئابی 2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ