رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، چارەنووسی شەش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە کە بەهۆی بەشدارینەکردنیان لە 11 کۆبوونەوەی ئەنجوومەن، مەترسیی دوورخستنەوەیان لەسەرە.
ئەو شەش ئەندامە کە پێکهاتوون لە دوو ئەندامی کورد، دوو ئەندامی عەرەب و دوو ئەندامی تورکمان، ماوەی ساڵێکە بەهۆی ناکۆکیی سیاسی لەسەر شێوازی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەسەر پێشنیازی لایەنی عەرەبی، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەندا کە رۆژی سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەدەچێت، پرسی دوورخستنەوەی ئەو ئەندامانە دەخرێتە دەنگدانەوە و بۆ پەسندکردنی پێویستی بە دەنگی 50+1ـی ئەندامان هەیە.
لەمبارەیەوە، ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و یەکێک لە ئەندامە بایکۆتکارەکان بە رووداوی راگەیاند: "ناکۆکیی سیاسی لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک هەیە و دەبێت ئەم کێشەیە بە بەشداریی هەموو لایەک چارەسەر بکرێت. تائێستا بڕیارمان نەداوە بەشداری لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بکەین یان نا و هیچ کۆبوونەوەیەکیشمان لەو بارەیەوە نەکردووە."
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سکاڵای یاسایی لە دادگەی کارگێڕی لەسەر ئەو شەش ئەندامە تۆمارکردووە و بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئەگەر ئامادەی کۆبوونەوەی داهاتوو نەبن، چارەنووسیان دەخرێتە دەنگدانەوە.
محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی کردەوە: "یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بڕگەی سێی ماددەی شەشدا روون و ئاشکرایە کە هەر ئەندامێک لە چوار کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەک ئامادە نەبێت، بە دەنگی زۆرینە دوور دەخرێتەوە. ئەمە هەڕەشە نییە، بەڵکو وەفایەکە بۆ ئەو سوێندەی خواردوومانە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک و ئەو هەنگاوە دەنێین."
هاوکات، نەشئەت شاهوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، هۆشداری دەدات و دەڵێت: "کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە دوایین دەرفەتە. بە دڵنیاییەوە، ئەگەر ئەو برادەرانە ئامادە نەبن، رێکاری زۆر تووندی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. ئێمە هیوادارین کار نەگاتە ئەو قۆناغە و بگەڕێنەوە نێو ئەنجوومەن تاوەکو پێکەوە کار بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ