رووداو دیجیتاڵ
دوای بۆردوومانەکانی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆی هێزە کوردییەکان رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوا، ئێران شەش جاری دیکە کۆیە و شەش جاریش شێروای لە پردێ بۆردوومان کردەوە.
نزیک کاژێر 01:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، ئێران جارێکیتر شێراوای بۆردوومان کردەوە، رەنجە جەمال نێردراوی رووداو بۆ شوێنی بۆردوومانەکە گوتی: "بەچڕی شەش جار نێو بارەگاکەی [بارەگای پارتی ئازادی کوردستان- پاک] بۆردوومان کردەوە، ئەوەی باس دەکرێت لەنێو بارەگاکەدا شەهید و بریندار هەن؛ تیمی رۆژنامەڤانیش لەوێ بوون و ویستویانە ئەوێ جێبهێڵن بەهۆی بۆردوومانەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە؛ ئێمە بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی هاتینە سەر شەقامەکە و شوێنەکە بۆردوومانکرا."
رەنجە جەمال گوتیشی: "لەگەڵ هاوکارێکی رۆژنامەڤانم قسەمکرد کە لەوێ بریندارە و ئەو گوتی: لەنێو پێشمەرگەکانیشدا قوربانی هەیە."
هاوکات فەرهاد دۆڵەمەڕی نێردراوی رووداو لە کۆیە گوتی، دوای شەش جار بۆردوومان کردنەوەی بارەگاکانی دیموکرات، دەگوترێت چەند درۆنێکی دیکە لە قەلادزێ بینراون و لە رێگەدان بەرەو کۆیە.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، پێش بۆردوومانەکانی دوای نیوەڕۆ، بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا 3 شەهید لە نەخۆشخانەکان تۆمارکراوە لەگەڵ نزیکەی 16 بریندار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ