شەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەدات

28-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "گەشبینین پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت."
 
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە رۆژی، 30ـی ئەیلوولی 2023، کۆببێتەوە، دەنگدان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە یەکێکە لە بڕگەکانی کارنامەکە. کارنامەکە لە نۆ بڕگە پێکدێت، بڕگەکان دەنگدانە لەسەر پێنج رەشنووسی یاسا، سێیەمیان بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەیە.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەشبینین و ئومێدەوارین لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە پەسند بکرێت، چونکە لە دوای ئەوەی بۆ جاری یەکەم لە کۆبوونەوەی 14ـی ئەیلوول خرایە بەرنامەی کارەوە و دواتر بە پاساوی تەواونەبوونی رێژەی ئامادەبوونی ئەندامان کۆبوونەوەکە نەکرا، ئێمە وەکو لایەنە کوردستانییەکان هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کۆدەنگیمان لەگەڵ لایەنەکان دەستپێکرد و لەگەڵ زۆرینەی لایەن و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبووینەوە و بەڵێنیان دا دەنگی پێبدەن."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "بە لایەنە سیاسییەکانمان گوت ئەو عێراقەی ئەمڕۆ دروستبووە، یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵەبجەیە کە دۆسیەکەی بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی رژێمی عێراق بڕووخێندرێت."
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە؛ یەکەم مادەى باسی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکات وەک 19یەمین پارێزگاى عێراق کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت. مادەى دووەمیش ئاماژەى بەوە داوە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری بکات.
 
پارێزگای هەڵەبجە لە ناوەندی شار و چوار ناحیە پێکدێت و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستانە. 
 
هەڵەبجە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق، رووبه‌ره‌كه‌ی‌ 1,599 كیلۆمه‌تر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 120 هەزار کەس دەبێت و لەگەڵ ئێراندا 75 کیلۆمەتر سنووری هەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام بە پاساوی تەواونەبوونی ژمارەی ئامادەبووان، دانیشتنەکە نەکرا.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
 
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە؛ لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئێستای عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: چاودێری ئەو پارەیە دەکەین کە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆدەکرێتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێت.