رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 61 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە لە بایۆمەتری تۆمار کراون.
بەپێی ئامارێکی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دا، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 61 کەس مافی دەنگدانیان، لەوانە دوو ملیۆن و 682 هەزار و 942 کەس لە دەنگدانی گشتی و 216 هەزار و 119 کەس لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری بۆ هەڵبژاردن دیاریکرد و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەبات، دوو رۆژ پێشتر (18ی ئۆکتۆبەر) دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت.
لە کاژێر 12:00ی بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئەیلوولی 2024ـەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ئۆفیسەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سێ لیژنەی پێکهێناوە چاودێریی بانگەشە دەکەن و لیژنەیەکیش لە هەرسێ ئۆفیس، سکاڵاکان وەردەگرێت.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت، 41 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ناویان دەرچووە، کە پێشتر بە شێوازی ئۆنڵاین ناوەکانیان تۆمارکرابوو.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینى یەکەم دەکرێت، 136 لیست و 1,191 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ