رووداو دیجیتاڵ
بڵند عوسمان، گەنجێکی هەولێر و هەرێمی کوردستانە کە سامسونگ بەفەرمی بانگهێشتی کردووە بۆ نمایشی مۆبایلە نوێیە چەماوەکەی و چەند بەرهەمێکی دیکەی لە نیویۆرکی ئەمریکا. بڵند بە رووداوی گوت، "خۆشحاڵم وەکو کوردێک بەشدارم لە ئیڤێنتێکی وا گەورەدا".
ئەو هۆکاری بانگهێشتەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ساڵانێکی زۆرە" لەنێو بوارەکەدایە. گوتیشی، لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەشدارە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان.
لەو بۆنەیەدا کە رۆژی 9-7-2025 بەڕێوەچوو، کۆمپانیای سامسونگ نوێترین مۆبایل و کاژێرە زیرەکەکانی خۆی نمایش کرد؛ کە بریتی بوون لە (Galaxy Z Fold7، Galaxy Z Flip7) و (Galaxy Watch8).
Galaxy Z Fold7 وەک تەنکترین و سووکترین جۆری مۆبایلی چەماوە ناسێندرا، کە شاشەی دەرەوەی (6.5 ئینجە) و شاشەی ناوەوەی (8 ئینجە). ئەم مۆبایلە بە پلاتفۆڕمێکی پێشکەوتووی سناپدراگۆن کار دەکات و پشتگیریی تایبەتمەندییەکانی Galaxy AI وەک Generative Edit دەکات، هەروەها بۆ ماوەی حەوت ساڵ سۆفتوێرەکەی نوێ دەکرێتەوە.
بڵند عوسمان باسی لەوە کرد، بەجلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشداری ئیڤێنتەکەی کردووە و "خەڵکێکی زۆر" دەستخۆشی لێکردووە کە جلوبەرگی کولتووری لەبەرکردووە.
لەبارەی بڵند عوسمانەوە
بڵند عوسمان یەکێکە لە ئینفلەوەنسەرە ناسراوەکانی کوردە لە بواری تەکنەلۆجی کە لە ساڵی 2016وە دەستی بەو کارە کردووە. لە پلاتفۆرمەکانیدا تەکنەلۆجی، نوێگەری و ژیانی رۆژانە بەیەکەوە گرێدەدات و ڤیدیۆکانی دەگەیێنێتە بینەرانی لە کوردستان و دەرەوەی وڵات.
ئێستا لە سەرجەم پلاتفۆرمەکانیدا زیاتر لە 1.3 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە کە پێکدێن لە یوتیوب، تیکتۆک، ئینستاگرام و فەیسبووک؛ لەو شوێنانە زانیاری و ئەزموونی تایبەتی خۆی لەسەر نوێترین ترێندەکانی تەکنەلۆجی بڵاودەکاتەوە.
بەبۆنەی کارەکەیەوە، بانگهێشتی چەندین وڵاتی دنیا کراوە بۆ ئامادەبوون لە بۆنە تەکنەلۆجییەکاندا، لەوانە بۆنەی ناساندنی چەند بەرهەمێکی سامسونگ (Galaxy Unpacked) لە ئەمریکا، پرۆگرامی مۆبیلیتیی کیا لە کۆریای باشوور و تاوەکو دەگاتە پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی تەکنەلۆجی لە بەرلین و بارسێلۆنا.
لە رێگەی کارەکانییەوە لەگەڵ براندە نێودەوڵەتییەکانی تەکنەلۆجیا و ئۆتۆمبێل، بڵند عوسمان وەک پردێک کاری کردووە لە نێوان کۆمپانیا جیهانییەکان و بینەرە کوردزمانەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ