رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر ئۆتۆمبێلێک خۆی بە پێنج ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشا، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت، بەهۆی "نمایشی گەنجێکی سەرکێش"ـەوە بووە. پێشنیازیش دەکات یاسای هاتووچۆ هەموار بکرێتەوە.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەنجەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیوی تایبەتی لێدەخوڕی و نمایشی پێدەکرد، "وەکو مار لەنێوان ئۆتۆمبێلەکان بەخێرایی دەڕۆیشت، لەو کاتەدا کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە پێنج ئۆتۆمبێلدا کێشا، دواتریش لە شەقام دەرچوو و خۆی بە راگرەکانی تەنیشتی شەقامدا کێشا، لەپاش شکاندنی کۆمەڵێک داری جوانکاریش، چووەسەر شەقامی خزمەتگوزاریی شەقامی 120 مەتری و لەوێدا وەستا."
بەهۆی رووداوەکەوە، چوار کەس کە شۆفێر و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکانی دیکەبوون، برینداربوونە، فازڵ حاجی دەڵێت، "زیان بە شەش ئۆتۆمبێل کەوتووە، 20 مەتر لە ئاسنی راگری شەقامەکەش تێکچووە."
فازڵ حاجی پێشنیازی کرد کە یاسای هاتووچۆ هەموار بکرێتەوە و سزای تووندتر بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە لەسەر شەقامەکان نمایش و سەرکێشی دەکەن. دەڵێت، "ئەو سزایەی کە ئێستا هەیە 50 هەزار دینارە، ئەوەش بۆ منداڵی کەسانی دەوڵەمەند هیچ نییە.. بۆیە دەبێت یاساکە هەموواربکرێتەوە و کۆمەڵە سزایەکی وەکو وەرگرتنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، سزای دارایی زیاتر و تاوەکو بەندکردنیش بۆ ئەو جۆرە دیاردانە دابنرێت."
وەکو گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بۆ رووداوی باسکرد، "لێخوڕین بە مەستی و سەرکێشیکردن" لەسەر شەقامەکان بوونەتە دیاردە و "هۆکاری زۆربەی" رووداوەکانی هاتووچۆن. بەتایبەتی لەسەر ئەو شەقامە خێرایانەی کە نوێن و کوالێتییان باشە، دەڵێت، "لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر رووداوی هاتووچۆی زیاتر روودەدات وەک لە شەقامی 40 مەتری."
بۆ هەموارکردنی یاسای هاتووچۆ، فازڵ حاجی رووی دەمی لە پەرلەمانتاران بوو و بە ئەرکی ئەوانی زانی کە یاساکە بە شێوەیەکی سەردەمیانەتر دابڕێژنەوە کە لەگەڵ دۆخ و باری ژیانی ئەمڕۆدا بگونجێت. دەڵێت، "هیوادارم پەرلەمانتارانمان لە جیاتی ئەو شەڕە جنێوەی کە ئێستا خەریکین، بێنە مەیدان و بیسەلمێنن کە ئەوان پەرلەمانتارن، بە زووترین کات سنوورێک بۆ ئەو مەترسییە گەورەیە دابنێن کە خەریکە تامی لێخوڕین ناهێڵێت لە شەقامەکانمان."
مەبەستی فازڵ حاجی لە شەڕەجنێوی پەرلەمان، ئەو گرژییانەبوو کە لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستان روویاندا. کاتێکیش رووداو پرسیاری لێکرد کە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ ئەو داوایەیان کردووە؟ ئەو گوتی، "نەخێر، تەنیا وەکو ئەفسەرێک ئەو داوایە دەکات."
یەکێک لە کێشەکانی بەردەم بەرپرسانی هاتووچۆ لە دیاریکردنی هۆکاری رووداوەکانی سەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر نەبوونی کامێرای چاودێرییە لەسەر شەقامەکە. گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی، لە پلاندا هەیە کە بە سیستمی زیرەک و لە رێگەی کامێراوە شەقامەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ