یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ نەوەی نوێ هەبێ

28-10-2025
زانیار بەهادین
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ نەوەی نوێ و هیچ لایەنێکی سیاسی دیکە هەبێت، چاویشیان لەوەیە لە هەموو بازنەکاندا کورسی بەدەستبێنن.
 
سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00 کە هێڤیدار زانا پێشکێشی کرد رایگەیاند: "بۆ هەڵبژاردن رێککەوتنیان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە و لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنمان کردووە."
 
لە پارێزگای کەرکووک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لیست و بەربژێری نییە، بەڵام کادیرێکی حیزبەکە لەناو لیستی جووڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی بەربژێر کردووە. سەباح بابیری لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ نەوەی نوێ دەڵێ، "بابەتێکی تایبەتە کەسێک لەناو لیستی نەوەی نوێ خۆی بەربژێر کردووە و هیچ رێککەوتنێمان لەگەڵ نەوەی نوێ نییە". 
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چوار کورسی بە دەستهێنا، دوو کورسی لە بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و دوو کورسیش لە بازنەی دهۆک. 
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهێزترین بەربژێریان داناوە و چاویان لەوەیە لە هەموو بازنەکان کورسی بەدەستبهێنن. 
 
سەباح بابیری هیوای خواست بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی هێمن و مەدەنییانە بەڕێوەبچن و دەڵێ، "هیواخوازین دیارەی دڕاندنی پۆستەر کۆتایی پێبێت بە تایبەت لە دهۆک، چونکە زیاترە لە چاو ناوچەکانی دیکەدا و دیاردەیەکی ناشرینە بەرامبەر یەکگرتوو دەکرێت."
 
بە گوتەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تاوەکو ئێستا حیزبەکەی دوو سکاڵای لەسەر دڕاندنی پۆستەر و فلێسەکانی لە دهۆک تۆمار کردووە و ئامادەکاری بۆ تۆمارکردنی سکاڵای دیکەش دەکات. 
 
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە