رووداو دیجیتاڵ
لە لیستە بەشداربووەکانی پارتە کوردستانییەکان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەکیان لە کارنامەکانیاندا باسی 'دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە' دەکەن. پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و رەوتی هەڵوێست رایانگەیاندووە، لە خولی داهاتوودا کار دەکەن بۆ دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ بەغدا.
تاوەکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەخراون، هەوڵەکانی یەکخستنیان بەردەوامە، پێش بانگەشەی هەڵبژاردن کۆبوونەوە لەژێر سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرا، لەپێناو یەکخستنەوەی پێشمەرگە. بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، ' هەنگاوەکان' لەوبارەوە بەردەوامن.
پارتی رایگەیاندووە، لە خولی داهاتوودا کار بۆ دابینکردنی شایستەکانی پێشمەرگە دەکات. یەکێتی دەڵێت، "هەوڵ دەدات بۆ یەکخستنی مووچەی پێشمەرگە و هاوتاکردنی لەگەڵ هێزە عێراقییەکانیان." کۆمەڵی دادگەری داوا دەکات، "لە چوارچێوەی دەستووردا رەچاوی مافەکانی پێشمەرگە بکرێت." لە کاتێکدا رەوتی هەڵوێست رایگەیاندووە، "کار دەکات تاوەکو هێزی پێشمەرگە ببێتە بەشێک لە هێزی بەرگریی نیشتمانی لە عێراق دا."
لە بەرامبەردا جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کارنامەکەیاندا باسی هێزەکانی پێشمەرگەیان نەکردووە.
پارتی: سەرجەم ماف و شایستەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت
لە کارنامەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، کار دەکەن بۆ "دابینکردنی سەرجەم ماف و شایستەکانی پێشمەرگەی کوردستان و رێزگرتن لە پێشمەرگە وەکو سیمبولی ئازادی."
پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر بێلایەنیی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی فیدراڵ و مانەوەیان وەکو دامەزراوەی دەوڵەت دەکاتەوە، داوای رێگریکردن لە بەکارهێنانیان لە ناکۆکییە نێوخۆییەکاندا دەکات. هەروەها داوای "راستکردنەوەی رێژەی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لەناو سوپادا، پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو گرووپ و تاقم و کەسە لەیاسادەرچووانە" دەکات، کە هێرشی درۆنی و پەلاماری جیاجیای سەر دامەزراوە گشتی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
یەکێتی: یەکخستنەوەی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ عێراق
لە کارنامەکەیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کردووە، "لەتەک فراکسیۆنە کوردستانی و عێراقییەکان کار دەکەین بۆ دەرکردنی یاسای تایبەت بە زەمانەتکردنی هاوکاریی حکومەتی فیدراڵی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەڕووی یەکخستنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانیان، پڕچەککردنیان هاوشێوەی هێزەکانی عێراق، لەگەڵ بەشداریپێکردنی دادپەروەرانەی کورد لە دامودەزگا سەربازییەکانی سوپای عێراق دا."
بەپێی کارنامەکەی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "پابەند دەبێت بە کار و چالاکییەکانی لە دژی تیرۆر و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق و هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات بۆ لەنێوبردنی رێکخراوە تووندئاژۆکان کە هەڕەشەی گەورەن لەسەر ئەمن و ئاسایشی عێراق، لەپێش هەمووشیانەوە داعش."
کۆمەڵ: رەچاوی مافە دەستوورییەکانی پێشمەرگە بکرێت
لە کارنامەکەی کۆمەڵی دادگەریدا هاتووە، "رێکخستنەوەی سوپای عێراق لەسەر بنەمای نیشتمانی و دوور لە بنەمای تائیفی، بە رەچاوکردنی مافەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دا."
هەڵوێست: مووچەی پێشمەرگە هاوتای سەربازی عێراق بکرێت
رەوتی هەڵوێست لە کارنامەکەیدا دەڵێت، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە ببنە "سوپایەکی یەکگرتووی بەهێزی نیشتمانیی ناحیزبی" و لەژێر ناوی پێشمەرگەدا بە رەچاوکردنی هەموو تایبەتمەندییەکان، "ببێتە بەشێک لە هێزی بەرگریی نیشتمانی لە عێراق دا." هەروەها دەبێت مووچە و ماف و شایستە داراییەکانیان هاوتای سەربازی عێراق بکرێت، وەکو لە مادەی 121ی دەستووری عێراق دا هاتووە.
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی کارنامەکەیان، بەشداریکردنی سەرباز و پلەدارەکانی هەرێمی کوردستانە لە هێزە چەکدارەکانی سوپای عێراقی فیدراڵ، بۆ راگرتنی هاوسەنگیی پێکهاتەی گەلی کوردستان، وەکو لە مادەی 9ی دەستووردا هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ