سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لیژنەیەكی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پێکهێنا

28-10-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد دەڵێ، بە ئامانجی پێشكێشكردنی هاوكاریی یاسایی بۆ پرۆسەی چارەسەری، لیژنەیەكی تایبەتی پێکهێناوە.
 
سەندیکای پارێزەرانی ئامەد رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی یەكەمی 2025 رایگەیاند، لیژنەکەیان لە چوارچێوەی پێویستییە یاساییەكانی پرۆسەی چارەسەری پێکهێناوە و یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەکەش بە سەرۆكایەتیی عەبدولقادر گولەچ، سەرۆكی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بەڕێوەچووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، لیژنەكە لەسەر بابەتەكانی وەك تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە، زمانی دایك، یاسای جێبەجێكردن و پێناسەی هاووڵاتیبوون، كار و خزمەت دەكات و بەگوێرەی پێویستیش پلان دادەڕێژرێ.
 
ئاماژە بەوەش دراوە، وەك سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد بەشێوەیەكی ئاشتییانە و دیموكراسی، ئامادەن هاوكاریی یاسایی پێشكێش بكەن.
 
چاوەڕێ دەکرێ دوای کۆبوونەوەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، هەنگاوی یاسایی تایبەت بە خۆڕادەستکردنەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بنرێ. دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە بەردەوام داوا لە حکومەت دەکات هەمواری یاسایی بەگوێرەی پێویستیی بابەتەکە بکات و یاسای نوێی تایبەت بە تێکەڵبوونەوەی گەریلا بە کۆمەڵگە دەربکات.
 
کۆمیسیۆنی  پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە و 51 ئەندامی لە پارتە جیاوازەکان هەیە.
 
یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە رۆژی 05-08-2025 بوو و تائێستا 15 کۆبوونەوەی کردووە و لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان گفتوگۆی پرۆسەی چارەسەری کردووە.
 
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە یەکی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. 
 
پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند. رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەش پەکەکە بڕیاریدا گەریلاکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا بکشێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.