رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی دەڵێت، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان و ئەو لایەنانەی دەستی دەرەکین لە عێراقدا دژی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن و مووچەیان کردووە بە شمشێر لەسەر گەردنی خەڵکی بێتاوان.
مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی ئەمڕۆ سکاڵایەکی لەبارەی پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی عێراق رەتکرایەوە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات میوان بوو. گوتی، "داوامان کرد حکومەتی عێراق دادپەروەر بێت بەرامبەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چونکە بڕینی مووچە و قووتی خەڵک پێچەوانەی دەستوورن."
لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەی، عگێلی گوتی، "دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردمەوە و گوتیان تۆ کورد و زیانمەند نیت، بەڵام ئێمە لە سۆنگەی مرۆییەوە داکۆکیمان لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە و پەیوەندیمان بە چەند کەسایەتییەکیش کردووە و جارێکی دیکە سکاڵا تۆمار دەکەینەوە."
بە گوتەی عگێلی، چەند لایەنێک کە دژی سەقامگیریی عێراقن و بە "لە یاسا دەرچوو" ناویان دەهێنێت لەپشت بڕینی مووچە و قووتی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانن. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، "هەندێ لایەنی کوردی لە بەغدا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دژایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن."
سکاڵاکەی مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی ژمارە 227ـی فیدراڵیی 2023ـی هەبوو، لە رۆژی 29-10-2023ـوە بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو. لە سکاڵاکەیدا، سکاڵاکار داوایکردبوو دادگەی باڵای فیدراڵی، حکومەتی عێراق پابەند بکات بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە و پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
پارتی ئوممەی عێراقی پارتێکی لیبراڵە و لە ساڵی 2004 لەلایەن میسال ئالووسی، سیاسەتڤانی عێراقییەوە دامەزراوە، وەکو لە کارنامەکەیدا هاتووە "کاردەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر بنچینەی هاووڵاتیبوون کە بنچینەکەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت و، خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانی بەدیبهێنێت."
ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی ئەوەشی گوت کە "کورد زۆر سازشی کردووە بۆ پاراستنی دیموکراسی و پێکهێنانی حکومەتی عێراق و سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی فەزڵیان هەیە بەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە، چونکە هەمیشە چارەسەرەکان لە هەولێرەوە دێن و تەنانەت حکومەتی عێراق لە هەولێر پێکدەهێندرێت."
دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبارەی شایستە داراییەکانی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ زیاتر لە 200 رۆژ، مووچەی مانگی تەمموزی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە 80 رۆژ دابەشکرا.
لە رۆژی دووشەممەوە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی باڵا کۆبوونەتەوە. شاندەکە بە ئومێدی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچە و بودجە لە بەغدان، بەڵام باس لە دواکەوتنی ناردنی دوایین 700 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ هەفتەی داهاتوو بە بیانووی نەبوونی نەختینە.
لەگەڵ ئەم هات و نەهاتەی 700 ملیارەکە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی تا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە بەغدا بۆ سێ مانگی دیکە بەردەوام بێت لە ناردنی مانگانەی 700 ملیار دینار، بەڵام لەسەر ئەمەش هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ