رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا سوپاسی هاونیشتمانییان دەکات "لە بەرامبەر ئارامی و خۆڕاگرییان لەم کاتە سەختەدا" و دەشڵێت، هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆئەوەی بەزووترین کات کارەبا بگەڕێتەوە بۆ هەموو هاوبەشانیان.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "سوپاسی یەکە بە یەکەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر ئارامی و خۆڕاگرییان لەم کاتە سەختەدا."
لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بوو دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا."
هاوکات وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەدات و دەڵێت، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە وەزارەتی کارەبا، شانبەشانی هەریەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هێزە ئەمنییەکان و دانا غاز، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان ئاسایی ببێتەوە و بەزووترین کاتیش کارەبا بگەڕێتەوە نێو سەرجەم ماڵ، فرۆشتگا و کارگەکان."
وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە، "گەورەترین ئامانجمان سەلامەتی و ئاسوودەیی هاووڵاتیانی خۆمانە. لە حاڵەتی هەبوونی هەر پێشهاتێکی نوێش، بەزووترین کات ئاگادارتان دەکەینەوە."
شەوی چوارشەممە 26ى تشرینی دووەمی 2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە.
هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، کە تاوەکو ئێستا بکەرەکانی ئاشکرا نەکراون، کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. حکومەتی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بارەی هێرشەکە پێکبهێنێت.
هەینی 28ى تشرینی دووەمی 2025 سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەممەری و بە ئەندامێتیی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و وەزیری ناوخۆی هەرێمى کوردستان و بە پاڵپشتى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەن.
سەر لە بەیانی رۆژی هەینی لیژنەکە گەیشتە کێڵگەی کۆرمۆر و دەستی بە کارەکانی کرد، سەباح نوعمان رایگەیاند، ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە بارەی هێرشەکە لە ماوەی 72 کاژێردا دەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ