رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کۆنیی بیناکان و کاریگەریی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017، مەترسیی رووخان لەسەر 17 قوتابخانەی دەربەندیخان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارەکە بڕیاری داوە دوای پشووی نیوەی ساڵ، قوتابییانی دوو قوتابخانە بۆ بینایەکی دیکە بگوازێتەوە.
قوتابخانەی "هەرێز" کە 350 قوتابی تێیدا دەخوێنن، یەکێکە لەو ناوەندانەی زۆرترین مەترسیی لەسەرە. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کۆبوونەوەی لەگەڵ دایک و باوکی قوتابییان کردووە و هۆشداریی داونەتێ لەبارەی مەترسیی رووخانی بیناکە.
بڕیارە دوای تەواوبوونی پشووی نیوەی ساڵ، خوێندن لەو بینایەدا رابگیرێت و قوتابییەکان بگوازرێنەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە.
پەیمان محەممەد، دایکی یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت: "نیگەرانین لە دۆخی قوتابخانەکە، بەڵام گواستنەوەش کێشەی بۆ دروستکردووین." ناسک حەمەساڵح، دایکێکی دیکەیە و دەڵێت: "ژیانی منداڵەکانمان لە مەترسیدایە."
سامان فەتاح، باوکی قوتابییەکە و داوا دەکات چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بیناکان بکرێت نەک تەنیا گواستنەوەی قوتابییان.
لیژنەی ئەندازیاری لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دەربەندیخان دوای پشکنینی مەیدانی، بڕیاری راگرتنی خوێندنی لە دوو قوتابخانەی بنەڕەتی داوە، چونکە مەترسیی هەرەسهێنانی بیناکانیان لە هەر ساتێکدا هەیە.
هاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بە رووداوی راگەیاند، بۆ نۆژەنکردنەوەی سەرجەم ئەو بینا کۆن و زیانلێکەوتووانە، پێویستیان بە بڕی 600 ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ