بارهەڵگرەکانی کەمپەینی 'رەنجی رووداو' گەیشتنە قامیشلۆ؛ هاوکارییەکان دابەش دەکرێن

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
هاوکارییەکانی رەنجی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان دابەش دەکرێن
هاوکارییەکانی رەنجی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان دابەش دەکرێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، کاروانێکی دیکەی کەمپەینی (رەنجی رووداو بۆ رۆژئاوای کوردستان) کە پێکهاتبوو لە 40 بارهەڵگر، گەیشتە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان. بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پرۆسەی بەتاڵکردنی کەلوپەلەکان لە کۆگاکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیپێکرد بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگەیێندرێنە دەست لێقەوماوان.
 
زیاتر لە 50 کرێکاری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، بە جۆش و خۆشییەکی زۆرەوە خەریکی داگرتنی کەلوپەلەکان بوون. ئەوان لە کاتی کارکردندا سوپاسی خەڵکی باشووری کوردستانیان دەکرد بۆ ئەم هەڵوێستە نیشتمانییە.
 
رەزگەر عەفرینی، یەکێک لە کرێکارەکان بە رووداوی گوت: "ئێوە هاوکاریتان کردین و ئەمانەتەکەتان گەیاندە ئێرە، ئێمەش دەمانەوێت هاوکاریی خەڵکی خۆمان بکەین. خەڵکی ئێمە لە هەموو پارچەکان ئاگاداری ئێمە بوون، بەتایبەت خەڵکی باشوور."
 
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە زیاتر لە 10 تیم سەرپەرشتی دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکات. رزگار عوبێد، بەرپرسی لۆجستیک لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هاوکارییانە کرد و گوتی: "ئەو خۆراک و کەلوپەلانەی هاتوون لە هەرە پێویستییەکانی ئەم خەڵکەن. دەستی ئەو کەسانە ماچ دەکەین کە بەشداربوون، تەنانەت ئەگەر بە قوتووە شیرێکیش بێت."
 
هاوکارییەکانی ئەم کاروانە بۆ 40 ماڵ و خێزانی جیاواز تەرخانکراون، کە بەشێکیان ئاوارەکانی عەفرین و شەهبا و بەشێکی دیکەشیان خەڵکی هەژاری قامیشلۆن. حەیات ئیسماعیل، دانیشتوویەکی قامیشلۆ، بە دڵخۆشییەوە باسی لە کاریگەریی کەمپەینەکە کرد و گوتی: "ئێوە هیوای ئەم خەڵکەتان نوێ کردەوە و مۆراڵتان بەرز کردینەوە."
 
سەرتیپ جزیری، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی شارەکە دەڵێت: "کەمپەینی رووداو نیشانی دا کە چۆن میدیای کوردی لەگەڵ گەلی خۆیدایە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە هەموو جیهان دروستکرد."
 
لە نێو ئاوارەکاندا، جەوهەرە ئەمین کە لەگەڵ 11 کەسی خێزانەکەی لە تەلتەمرەوە ئاوارە بوون، ئەم هاوکارییانە بە نیشانەی یەکگرتوویی کورد دەبینێت و دەڵێت: "زۆر خۆشە کە کورد هەموو بوونە یەک."
 
تەنیا لە رۆژێکدا، زیاتر لە 520 خێزان هاوکارییەکانیان پێگەیشتووە. ئارین باری، منداڵێکی نیشتەجێی قامشلۆ بە زمانی سادەی خۆی دەڵێت: "من رووداوم خۆشدەوێت، کوردم خۆشدەوێت."
 
کەمپەینی (رەنجی رووداو بۆ رۆژئاوای کوردستان) کە لەلایەن پێشکێشکار رەنج سەنگاوی لە ماوەی تەنیا 4 رۆژدا رێکخرا، بە گشتی لە 126 بارهەڵگر پێکهاتووە کە خواردن و پێداویستی لەخۆدەگرێت، وەک وەڵامێک بۆ هاواری خوشک و براکانیان لە رۆژئاوای کوردستان.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق: هەنگاوێکی گرنگ و دروستە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە rێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات و بە هەنگاوێکی "گرنگ و دروست" بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان وەسفی دەکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە زەمینەیەکی بەهێز بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان دەڕەخسێنێت.