رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە سەرۆکی ئەرمینیا کرد و رایگەیاند، "پابەندبوون بە دەستوور تاكە رێگەی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵە." سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆکی ئەو وڵاتەیشی کرد بۆ رێزگرتن لە مافەكانی كوردانی نیشتەجێی ئەرمینیا.
رۆژی پێنجشەممە، 29-02-2024، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێکرد، ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆكی ئەرمینیا چووە پیرمام و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "سەرۆكی ئەرمینیا ستایشی پێشكەوتن و ئارامیی هەرێمی كوردستانی كرد و رۆڵی سەرۆك بارزانی لە رەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندڕۆیی بەرز نرخاند."

سەرۆک بارزانی "بە گەرمی" بەخێرهاتنی لە سەرۆکی ئەرمینیا کرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و سوپاسی سەرۆکی ئەو وڵاتەیشی کرد بۆ رێزگرتن لە مافەكانی كوردانی نیشتەجێی ئەرمینیا.
وەکو بارەگای بارزانی دەڵێت، "هەردوولاش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە ئاشتی تاكە رێگەی چارەسەركردنی گرفتەكانی گەلانی ناوچەكە و نەوەكانی داهاتووە."

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، "جەخت لە قووڵكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەرمینیا كرایەوە."
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق تەوەرێكی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، "سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور تاكە رێگەی چارەسەریی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵیی عێراقە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ