رووداو دیجیتاڵ
عێراق بڕیاریداوە ئەو 300 قوتابخانەیەی کە خوێندن تێیدا عەرەبییە و منداڵی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان لێی دەخوێنن، دابخرێن، ئەوەش بووە جێگەی ناڕەزایی هەزاران منداڵ.
زیاتر لە سێ کاژێر لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، قوتابییە ناڕازییەکان دەستیان لەپێناو گوتنەوەی درووشم دژی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەرزکردەوە.
عەلی عامر، قوتابییە و بە رووداوی گوت، "ئێمە دژی ئەو بڕیارەین، چونکە هیچ کارێکمان نییە لەو شوێنە و پێمان دەڵین بڕۆن بۆی، تەنانەت خانووشمان نییە، ئێمە حەوت ساڵە لێرەین لە سەرەتای شەڕی داعشەوە هاتووینەتە ئێرە."
عەبدولڕەحمان قوتابیی پۆلی پێنجە، فێری کوردیی بووە و لەسەر بڕیارەکە دەڵێت، "من ئێستا باوکم دوو خانووی کڕیوە لێرە، ئیشی لێرەیە، بۆچی بچینە ئەو شوێنانەی لێوەی ئاوارە بووین، تەنیا لەبەر ئەوەی حکومەت وای گوتووە؟ بڕیارەکە زۆر خراپە."
لە هەولێر 69 هەزار، لە سلێمانی 33 هەزار و لە دهۆکیش 53 هەزار قوتانی لە پۆلەکانی 1ـی بنەڕەتی تاوەکو 12ـی ئامادەیی دەخوێنن. زۆربەیان لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان ئەلف و بای زمانەکانیان فێربوون، ئێستا نیگەرانن لەوەی کە عێراق رێگەیان پێنادات ئیدی فێرببن.
ڤیان نەمیر، کەسوکاری قوتابییە و دەڵێت، "ئەو بڕیارە منداڵەکانمان و نەوەکانمان ئازار دەدات، ئەوان مافی خۆیانە لە هەر شارێک کە بیانەوێت بخوێنن، ئێرە وڵاتیکی ئازادە، ئێمە دەبێت لە ئەو شوێنە بژین کە خۆمان دەمانەوێت، نەک ئەوەی کەسێکی دیکە دیاری دەکات."
لینا سەعد، بەڕێوەبەری یەکێک لەو قوتابخانانەیە کە بڕیاری داخستنی دراوە، دەڵێت: "وەڵا هیچ نابینین جگە لەوەی کە بڕیارێکی سیاسییە، ئەگەر نا، ئایا هەبوونی ئەو قوتابخانانە چ زیانێکیان هەیە و داخستنیان چ سوودێکی هەیە؟ ئەوە تەنیا بڕیارێکی سیاسییە."
دوای سێ کاژێر مانەوەیان لە بەردەم بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ کەسێک ئامادەنەبوو گوێ لە داواکانیان بگرێت، لەکاتێکدا عێراق پێی گوتوون مانگی پێنج دوایین وانەکانیان فێردەبن و دوای تاقیکردنەوەکان دەبێت تا 31ـی تەممووز سەرجەم قوتابخانەکانیان دابخرێن و بگەڕێنەوە ئەو شارانەی لێوەی ئاوارەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ