بەربژێری ئاکپارتی بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ: گۆرانیی (ئۆرەمارێ بڵندە) سکی کەس تێر ناکات

29-03-2024
عیسمەت ئۆلمەز، بەربژێری ئاکپارتی لە جۆلەمێرگ
عیسمەت ئۆلمەز، بەربژێری ئاکپارتی لە جۆلەمێرگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بزنسمانێکی دیاری شاری جۆلەمێرگ و لە گەورە باجدەرانی تورکیایە، بە گوتەی خۆی پێشتر سیاسەتی نەکردووە. عیسمەت ئۆلمەز، کە کوردە، لەسەر لیستی ئاکپارتی خۆی بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ بەربژێر کردووە.
 
عیسمەت ئۆلمەز، لە ئۆفیسەکەی خۆی لە جۆلەمێرگ قسەی بۆ نوێنەر فاتیح، پێشکەشکاری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کرد، گوتی، سەرۆکشارەوانییەکانی پێشوو بە قەیومەکانی ئاکپارتیش، خزمەتێکی ئەوتۆی جۆلەمێرگیان نەکردووە، ئەگەر ببێتە سەرۆکی شارەوانی، پرۆژەی زۆری بۆ جۆلەمێرگ هەن. دەشڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڵێنی چەندین پرۆژەی پێداوە بۆ جۆلەمێرگ بیانکات. 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عیسمەت ئۆلمەز، بەربژێری ئاکپارتی بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ
 
رووداو: مامۆستا عیسمەت، خەڵکی دەڵێن، ئەگەر ئاکپارتی سەرکەوتوو بێت بەهۆی عیسمەت ئۆلمەزەوەیە، بۆچی وا دەڵێن؟
 
عیسمەت ئۆلمەز: منیش کەسێکی وەک ئەم خەڵکەم. لە جۆلەمێرگ زۆر خزمەتم کردووە. هەموو کاتێک دەرگام بۆ کەسانی هەژار کراوە بووە. بە کاری کانزاوە خەریکم و ئەمەش کارێکی گەورەیە. لە ریزبەندی دانی باج بە دەوڵەتیشدا لە سەرانسەری تورکیا، لە پلەی 63 دام. لە جۆلەمێرگیش کانزای زۆر وەک چینکۆ و قورقوشم هەن. ماوەی 18 تاوەکو 20 ساڵە کار دەکەم. هەندێک جار لەم ناوچەیە کار بە نزیکەی دوو هەزار کەس دەکەم. هەموو ئامێر و مەکینەکانی ئەم ناوچەیە من دەیانخەمە کار. ئەو کەسانەی لەم جۆلەمێرگە بۆ وەرگرتنی یارمەتی لە دەرگەی منیان داوە، هاوکاری هەموویانم کردووە. جۆلەمێرگ بە خزمەتەکانم منی قبووڵ کردووە، لەبەر ئەوەیە. سیاسەتم نەکردووە. رابڕدووشم پیس نییە و من کەسێکی پیس نیم. بۆیەش لەوانەیە بڵێیت، بۆچی عیسمەت ئۆلمەز ئەوەندە بڕوای بەخۆیەتی؟ ئەوە 30 ساڵە خزمەتی جۆلەمێرگ نەکراوە. سێ جار دەبەپە (پارتی ئاشتی و دیموکراسی) لە جۆلەمێرگ شارەوانی بەڕێوەبردووە و ئەوە دوو جاریشە لە لایەن قەییوومەوە بەڕێوەدەبردرێت. خزمەتی جۆلەمیرگ نەکراوە. ئەم جارەش منیان بەربژێر کردووە. من سیاسەتم نەکردووە و پیس و گەندەڵ نیم. لە ژیانی بازرگانیشم لە بەرامبەر ئەم گەلە گەندەڵیم نەکردووە. بۆیە ئێستا هەموو هۆز و عەشیرەتەکانی پنیانشی، ئەرتووشی، ماروونسی، سلەحی (عەشیرەتەکانی جۆلەمێرگ) و قەبیلەکانی جۆلەمێرگ وەک خانی، مریشکی، بێتکاری، نیسپاسی، پەیانسی و هەموو عەشیرەتەکان کۆبوونەتەوە و لەگەڵ مندان. تەنیا بۆ خزمەتکردنی جۆلەمێرگ. دانیشتووانی هەرە گەنجی تورکیا لێرە لەم شارەن لە جۆلەمێرگ. لێرە سوپایەکی گەورەی بێکاری هەیە. کاتێک سەیر دەکەین، دەبینین کە هەموو گەنجەکانمان لە قاوەخانەکان دانیشتوون و بێکارن. شاری جۆلەمێرگ شوێنی نیشتەجێبوونی 30 هەزار کەسە، بەڵام ئێستا 100 هەزار کەسی تێدا دەژین. لە نێو شارەکەدا لەبەر کەمبوونی دەرفەت و هەژاری بینای زۆر بێسەروبەر دروست کراون و دەرفەتی کاریش نییە. بێجگە لە مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران، پارە لە نێو جۆلەمێرگ ناسوورێتەوە. پێشتر لێرە شوێنی ئاژەڵداری هەبوو، بەڵام ئاژەڵداریش لە ناوچەی ئێمە نەما. سەڕەرای ئەوەش زەوی بۆ کشتوکاڵیش نییە. دوای ئەوەی ئەم شتانە روویاندا، جۆلەمێرگ زۆر زیانمەند بوو. لەبەر ئەو زیانمەندییەشە کە منیان کردە بەربژێر و بڕوایان بە منە. ئەو هۆکاری باسی لێدەکەیت و دەڵێیت، بۆچی عیسمەت ئۆلمەزیان بەربژێر  کردووە، ئەمەیە.
 
رووداو: تۆ خۆت کەسێکی سەرکەوتوویت و وەک خۆت دەڵێیت، پێویستیت بە شتێک نییە، خاوەنی پیشە و کاری خۆتی. بۆچی دێیتەوە بۆ نێو سیاسەت؟
 
عیسمەت ئۆلمەز: [لەبەر ئەوەی] من جۆلەمێرگیم (خەڵکی جۆلەمێرگم).
 
رووداو: ئەگەر کەسێکی دیکە بێت، دەڵێت ناچمە نێو سیاسەت، بۆ خۆم دەژیم و خەریکی کاری خۆم دەبم؟
 
عیسمەت ئۆلمەز: سیاسەتی جۆلەمێرگ بۆ ژیانم زۆر زەحمەتە. بەڵام من جۆلەمێرگیم. ئەگەر ئێمە گۆشتی یەکتریش بخۆین، ئێسکەکانی یەکدی دەشارینەوە. من کوردم. باوکم کوردە و دایکیشم کوردە. بە کوردی قسە دەکەم. ئەو رۆژە سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەوڵەتی ئێمەش هاتبووە ئێرە. هیچ کەسێک نەچوو لەسەر مایکەکەی سەرۆککۆمار بە کوردی قسە بکات و هاوژینەکەشی بە جلی کوردی بێتە شوێنەکە. بەڵام دیسانیش من چووم. کولتوور و داب و نەریتی ئێمە وایە. من چی بم، دەوڵەتیش بە هەمان چاو سەیرم دەکات و قبووڵم دەکات. سەرۆککۆماریشمان مرۆڤێکی زۆر راستە. بە تورکی دەڵێن، ئەگەر پیاوچاکێک دەکوژی، بەڵام مافەکەی مەخۆ. لەبەر ئەوەش سەرۆککۆمار هەر شتێک بڵێت، دەیکات. بۆ ئێمە چی کردووە؟ دۆخی نائاسایی لەسەر ئێمە هەڵگرتووە، ئەشکەنجەی لەسەر ئێمە نەهێشتووە. چی کردووە بۆمان؟ کەناڵی (تیڤی) کوردیی بۆ ئێمە کردەوە. چی کردووە بۆ ئێمە، پرۆسەی ئاشتی دەستپێکرد. ئەو شتانەی بۆ ئێمە کرد، بەڵام خۆمان بە کەڵکی خۆمان نەهاتووین. من ناڵێم کورد بە کەڵکی هیچ نایێن. بەڵام بۆ ئەم مەسەلەیە بە کەڵک نەهاتین. "چیایێ سمبل هەکاری" [گۆرانییەکە لەبارەی چیای سمبلی جۆلەمێرگ] و "ئۆرەمارێ بڵندە" (گۆرانییەکی پەکەکە) سکی کەس تێر ناکەن برا. ئێمە خەڵکی جۆلەمێرگین و من بۆ جۆلەمێرگ ناچارم. گوتت پێویستیت پێ نییە، وانییە؟ پێویستیم بەوە هەیە کە خزمەتی جۆلەمێرگ بکەم. تەنیا بۆ ئەوەی خزمەتی جۆلەمێرگ بکەم، بەربژێریی شارەوانیم قبووڵ کردووە.
 
رووداو: باشە، ئێوە چۆن خزمەتی جۆلەمێرگ دەکەن؟
 
عیسمەت ئۆلمەز: لە جۆلەمێرگ، پێش ئێستا گوتم، لەبەر نەبوونی دەرفەت و هەژاری, خانوو و بینای بێسەروبەر دروست کراون. جۆلەمێرگ لەسەر هێلی بوومەلەرزەیە. پێویستە سەرەتا بینای بەهێز لە جۆلەمێرگ دروست بکرێن، بۆ ئەمەش سەرۆککۆمار بەڵێنی پێداوین. لێرە پرۆژەمان هەیە. لافیتە و کتێبی ناساندن هەن. ئەگەر بتانەوێت دەتاندەمێ، ئەمە سەرەتاکەیە. دووەمین شت، بۆ خەڵکی بێکار دەرفەتی کار دەڕەخسێنین. بێجگە لەوە پێویستە رێگەیەک لە دەوروبەری جۆلەمێرگ دروست بکرێت. پێویستە هەندێک کارگەی تەکستیل (جلوبەرگ) لە ناوچەکە دابمەزرێن، بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بڕەخسێت. بە دامەزراندنی کارگەی جلوبەرگ  کچ و ژنانی ئێمە چاویان لە گیرفانی هاوژینەکانیان نابێت. ئەوانیش بۆ خۆیان لەو شوێنە کار دەکەن. ئەو هەموو پرۆژەمان هەیە. لێرە قەڵای جۆلەمێرگ هەیە. دەمانەوێت لەوێ تەلەفریک دابنێین و بچین بۆ لای قەڵای بای. واتە چ شتێک بۆ جۆلەمێرگ پێویست بێت، ئێمە ئەوە دەکەین. ئێمە ئەو پرۆژانەمان نووسیوە. ئامانجی من ئەوەیە کە خزمەتێک بۆ جۆلەمێرگ بکەم. هەموو ئاوی جیهان لە جۆلەمێرگە، بەڵام ئاومان نییە. رێگەمان نییە، ئێمە ئەو شتانە بۆ جۆلەمێرگ دەکەین. بۆ ئەم خزمەتانەیە کە من بوومەتە بەربژێر. پشت بەخوا، لەبەر ئەو خزمەتانە شەرمەزار نابم و ئەو ئەرکە بەجێدەگەیێنم.
 
رووداو: بەڕێز عیسمەت من خۆم چاودێریت دەکەم. لە نێو خەڵکدایت، لە نێو عەشیرەتەکان بە کوردی قسە دەکەیت و زۆربەی جاران گاڵتەش دەکەیت. لە جۆلەمێرگ کێشەی زمانی کوردی و ئەو جۆرە شتانە بۆ خەڵک گرنگن. ئێوە بەنیازن بۆ زمانی کوردی چی بکەن؟
 
عیسمەت ئۆلمەز: ئێستا ناوچەی میزۆپۆتامیا، شوێنی کورد لێرەیە، تاوەکو عێراق، زاخۆ، دهۆک، هەولێر، تاوەکو دیاربەکر (ئامەد)، وان، سێرت. شوێنی شارستانییەتی کورد لە مێژوودا لێرەیە. ئێمە لە سەردەمی پارسەکان، بیزانتەکان و ئیمپراتۆرییەتی رۆمانەکانەوە لێرەین. زمانمان هەر چییەک بێت، بە هەمان زمان قسە دەکەین. کوردایەتی تەنیا لەئێستاوە نییە. کەسێک با نەڵێت پێش 30 ساڵ هاتوومە و سەرلەنوێ کوردایەتیم بۆت هێناوە. کوردبوون و کوردایەتی ئەوە سێ هەزار ساڵ- حەوت هەزار ساڵە، کە هەیە. من ناچارم. هەڵبەت کولتووری ئێمەی کورد، عەرەب و فارسیش هەیە. باسی گاڵتەت کرد، ژیان بەردەوامە و هەندێکجار ئەگەر گاڵتە نەکەین، ناکرێ و سترێس هەیە.
 
رووداو: نا من دەڵێم تۆ کەسێکی کە تێکەڵی خەڵک بوویت و خەڵک دەتناسێت. دەچیتە نێو خەڵک، مەبەستم ئەوە بوو تۆ کەسێکی کە لە خەڵکی دوور نیت بەڵکو نزیکی لە خەڵک. پرسی زمانی کوردی و شتە کوردییەکان بۆ خەڵکی گرنگن، ئایا لە پلانتدا هەیە پرۆژەیەک یان شتێکی دیکە بۆ زمانی کوردی جێبەجێ بکەن؟
 
عیسمەت ئۆلمەز: ئەمە پرسێکی گەورەیە. من وەڵامی ئەوە نادەمەوە. ئەگەر لە جۆلەمێرگ کرا ئەمە دەبێتە وەک دۆمینۆ، ئەم پرسە چارەسەر دەکرێت، بەڵام بە کوشتن نا. گوندمان بۆ نەما، پێش ئێستا بە ئێوەم گوت، قوتابخانەمان سووتێندراوە، مەڕ و ماڵاتمان نەماون، گەورەکانمان نەماون، کولتووری خێڵەکیمان نەما، کوڕمان نەما، کچمان نەما، بەقەد سمبل (شاخی سمبل) ئازار و ناخۆشی لە دڵمان
 
دا هەیە. بەقەد ئەم زێیە (رووباری زێ) فرمێسکمان لە چاودایە. ئەوان یەکجار دەیانگوت، ئیدی بەسە. جۆلەمێرگیش (خەڵکی جۆلەمێرغ) ئێستا دەڵێن ئیدی بەسە، ئەمە مەسەلەیە. ئەگەر خوا بیەوێت، دەنگیان دەدەنە من و منیش خزمەتی جۆلەمێرگ دەکەم. ئێمە و دەوڵەتی خۆمان لە نێو ئاشتیدا و پێکەوە. دەوڵەتی تورکیا بەشی ئێمەش دەکات و بەشی تورکیش. پارەکەشی بەشمان دەکات، ئەگەر بزانین چۆن پێکەوە بژین. ئەمە ئامانجی منە و هیچی تر.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز عیسمەت ئۆلمەز
 
عیسمەت ئۆلمەز: سوپاس بۆ ئێوەش، لە سەر سەرم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.