رووداو دیجیتاڵ
باوکێک لە کەرکووک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر کچەکەی، دوای ئەوەی زیندانیکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، وەک کچ و دایکەکە بۆ رووداویان باسکرد، "بە هەڕەشە و پارە" ئازادکراوە. بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی هەڕەشەیان لە دایکەکە کردووە، ئەویش دەستبەرداری داواکەی بووە. دەڵێت "بۆ ئەوە بوو منداڵەکانم نەکوژن."
بەرنامەی بەرپرسیاری رۆژی پێنجشەممە لەبارەی کەیسی کچ و دایکێک بوو لە کەرکووک کە هاوژینی دایکەکە تووندوتیژی بەرامبەریان کردبوو و دەستدرێژیی سێکسی کردبووە سەر یەکێک لە کچەکانی. دایکەکە دەڵێت، دوای ئەوەی ئازادیشکرا، ویستی دەستدرێژی بکاتە سەر کچە 10 ساڵانەکەی دیکەم، "بەڵام هەڵم گرت و رامان کرد بۆ بنکەی پۆلیس، لەوێ گوتیان با کێشەکە گەورە نەبێت و حەیاتان نەچێت، بۆیە هیچیان بۆ نەکردم."
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری بەرنامەکە لە دایکەکەی پرسی، کە جاری یەکەم هاوژینەکەت دەستگیرکرا بۆ دەستبەرداری داواکەت بوویت؟ ئەو وەڵامی دایەوە "هەڕەشەیان لێم دەکرد، برا و کەس گوتیان دەتکوژین و منداڵەکان دەکوژین.. ئێستاش دەترسم لە زیندان دەربچێت کچەکەم بکوژێت."
دوای ئەوەی ئەو پیاوە لە زیندان ئازاد دەکرێت، گەڕاوەتەوە ماڵەوە. هاوژینەکەی دەڵێت، دواتریش کە چووەتەوە ماڵەوە زۆر تووندوتیژ بووە بەرامبەریان و لێی داون.
ئەو کچەی باوکی دەستدرێژیی سێکسی کردووەتەسەر ناوی (ف. ئـ)ـە و کچەگەورەی ماڵ بووە. شەش ساڵ پێش ئێستا، باوکی منداڵی لێزەوت کردووە. ئەو دواتر لە کەرکووکەوە پەنای بردووەتە بەر داڵدەدانی ئافرەتان و لەوێ هەوڵی بەدەستهێنانی ژیانێکی نوێی دا، بەڵام ئاشکرابوونی رابردووی، داهاتووی لێشێوان.
(ف. ئـ) لە بەرنامەی بەرپرسیار لەگەڵ دایکی بەشداربوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت لە مافی مرۆڤ هەوڵی بەدەستهێنانی ژیانێکی نوێم دا و کەسێکم ناسی، بەڵام ئەو کەسە شەوێک لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان چیرۆکەکەی بۆ خێزانەکەی گێڕاوەتەوە. بەوهۆیەشەوە خەزووری تەلەفۆنی بۆ دایکی کردووە کە ئەوان کچەکەیان ناوێت و دەبێت بیباتەوە.
لەبارەی دەستدرێژیی سێکسی باوکی بۆ سەری، (ف. ئـ) بە پەیامنێری رووداوی راگەیاندووە، "کاژێر 12:30 خولەکی شەو بوو، لەگەڵ باوکم چووینەوە ماڵ خۆمان و کەس لەماڵەوە نەبوو. ئەو منی دانا لە ماڵ و چووەدەرەوە. درەنگانی شەو کەهاتەوە سەرخۆش بوو و دەستدرێژی کردەسەرم. تاوەکو ئێستا چوار جار دەستدرێژی کردووەتە سەرم. دوای ئەوە هەموو شتێکم ئاشکرا کرد، چوومە خانەی داڵدەدانی ئافرەتان لە سلێمانی و لەوێ کوڕێکم ناسی، وامزانی ژیانم دەگۆڕێت، ژیانی هاوژینیم لەگەڵی پێکهێنا، بەڵام ئەو ژیانی وێرانتر کردم."
(ف. ئـ) منداڵێکی یەک ساڵانی هەیە و لە مانگی هەشتەمی دووگیانی دایە، ئەو ئێستا گەڕاوەتەوە ماڵی دایکی. لەو ماڵەی دایک و خوشکێک و دوو برای لەخۆی بێدەرەتان تر بەهیوای دەستێکن هاوکاریان بێت.
ئەو ئافرەتە بە رووداوی گوت، کوڕەکەی تەمەنی یەک ساڵانە و هێشتا شیرەخۆرەیە. لە مزگەوت و لەلای خێرخوازان پارەی بۆ پەیدا دەکات. دایکی (ف)ـیش کە ناوی (ب. م)ـە دەڵێت، لە خانووی کرێدا دەژین و رۆژانە خاوەن خانووەکە دەچێتە سەر ماڵیان و داوای کرێی خانووەکە دەکات. "بەڵام نیمانە و بەچی بیدەین."
رووداو پەیوەندی بە خێزانی پیاوەکەوە کرد، بەڵام بەردەست نەبوون بۆ لێدوان لەسەر ئەو پرسە.
باوکی منداڵەکانی (ف. ئـ) خۆی لێ بێبەری کردوون و گوتوویەتی نامەوێن، بۆیە ئەو ئافرەتە ناچارە خۆی هەوڵ بۆ بەخێوکردنیان بدات. دەڵێت، "ئێستا دووگیانیشە و لە مانگی هەشتەمی دووگیانیدایە. برا بچووکەکەیشم نەخۆشیی تالاسیمیای هەیە."
باوکی لە دایکی جیابووەتەوە و سێ ساڵە لە زیندانە، بە گوتەی خۆیان لەسەر تاوانێکی دیکە کە ئاشکرایان نەکرد چییە لە زیندانە و نزیکەی دوو مانگی دیکە ئازاد دەکرێت، بۆیە هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکات و ئەوانیش لە ئێستاوە خەمیانە.
دایکی (ف) ئاماژە بەوەش دەکات، چەندین جار بەهۆی ئەو رووداوانەی بەسەری هاتوون و نەبوونی، هەوڵی خۆکوشتن و خۆ سووتاندنی داوە. "پارەم بۆ نەشتەرگەریی منداڵەکانم قەرزکردووە و خاوەن قەرز داوای پارەکەی کردووە کە ناچاربوومە تەلەڤزیۆنی ماڵەکەم فرۆشتووە بۆی.
پۆلیس کە شەوی دووشەممە رێگرییان لە خۆکوشتنی بەکۆمەڵی ئەو بنەماڵەیە کردبوو، بۆ چارەسەری کێشەکەیان لەسەر هێڵن.
موقەدەم غالیب عەلی، بەرپرسی هۆبەی پۆلیسی کۆمەڵگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆمان دەرکەوت ئەو خێزانە تووشی کێشەی دەروونی بوونە و دووچار کردارێکی نامۆی کۆمەڵگە بوونە لەلایەن باوکیانەوە کە ئێستا لە یەکێک لە زیندانەکان بەهۆی کێشەی خێزانیەوە بەندکراوە، خێزانەکە بەدەست کێشەیەکی قورسی داراییەوە دەناڵێنن."
هەوڵی خۆکوشتنی ئەو دایک و کچە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئاماری پۆلیسی کەرکووک، لەماوەی چوار مانگی ئەم ساڵدا، جگە لە 23 رووداوی خۆکوشتن، رێگری لە شەش هەوڵی خۆکوشتنیش کراوە.
کرێی خانووی ئەو ماڵەی ئەو کچ و دایکەی تێدا دەژین، 250 هەزار دینارە و دەڵێت چەند مانگێکە کرێیان نەداوە.
(ف. ئـ) ترسی هەیە لە ئازادبوونی باوکی و دەڵێت، کاتێک لە سلێمانی بووە باوکی هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە. "بۆیە دەترسم" دایکیشی دەڵێت، ترسی من ئەوەیە منداڵەکان بکوژێت. "چەند جارێکیش بە چەقۆ لێیداوم و دەڵێت، لەم ناوچەیە نەمێنن." باوکەکە بە هاوژینەکەی گوتووە، "نامەوێت منداڵەکانم ببینم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ