گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: نێچیرڤان بارزانی بۆ "راستەڕێکردن"ـی مووچە لە بەغدایە

29-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "بۆ راستەڕێکردن"ـی پرسەکانی مووچە و هەڵبژاردن لە بەغدایە.
 
ئەمڕۆم دووشەممە، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆش کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 27-4-2024، بە سەردانێکی فەرمی و بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان گەیشتە بەغدا،
 
دوێنێ یەکشەممە، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا خستەڕوو و گوتی، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. پرسی هەڵبژاردن و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیشی بە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوبرد.
 
دڵشاد شەهاب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە دوو رۆژی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەردانی دامەزراوە فیدراڵییەکانی کرد و بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی، "هیچ هۆکارێک نییە مەترسیی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروستبکات. مووچە چارەسەر دەبێت و ئەم دڵنیاییە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە مووچەخۆران دەدرێت." 
 
هەروەها باسی لەوە کرد، "لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پرسی گرنگ و چارەنووسسازی پەیوەست بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوتوێکران، هاوکات هەڵسانگاندن بۆ سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و هاتنی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرا."
 
ئەمە دووەمجارە لەم مانگەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی بەغداش سەردانەکان ئەرێنی هەڵدەسەنگێنن و پێیانوایە رێگەخۆشکەرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە