بەهۆی تەقینەوەی درۆنەوە دوو پێشمەرگەی دیکە لە سنووری ئامێدی بریندار بوون

29-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوێنێ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بە خاڵێکی پێشمەرگەدا لە سنووری ئامێدی تەقییەوە، ئەمڕۆش لە هەمان سنوور درۆنێکی دیکە تەقییەوە و دوو پێشمەرگە بریندار بوون، کە هەردووکیان خەڵکی ناحیەی قەسرۆکن.
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "درۆنەکە بەسەر بارەگایەکی پێشمەرگەدا کەوتووەتە خوارەوەو  دوو پێشمەرگە بریندارن".
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شوێنی درۆنەکە هەمان شوێنی رووداوی تەقینەوەی درۆنەکەی دوێنێ بووە، کە گوندی بلاڤەی سنووری ئامێدییە.
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە و جۆری درۆنەکە بەردەوامە. بەرپرسە ئەمنییەکەی ئامێدی گوتی: "نازانین درۆنی خۆکوژی بووە یان تەقێندراوەتەوە، یان کەوتووەتەوە خوارەوە و تەقیوەتەوە".
 
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکانەوە، سەرچاوەیەک لە تەندروستیی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی یەکێک لە پێشمەرگەکان زۆر باشە و برینی سووکە، ئەوی دیکەیان برینی قورسترە، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانی کەسیان نییە".
 
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی لەبارەی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە کاژێر 06:00ـی بەیانی ئەمڕۆ بووە و دوو کەس بەناوەکانی بیلال ئیسماعیل 44 ساڵ و رەمەزان عابد 37 ساڵ بریندار بوون، کە هەردووکیان خەڵکی ناحیەی قەسرۆکن لە قەزای شێخان.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنی هەر لە سنووری ئامێدی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە خاڵێکی سەربازی پێشمەرگەدا تەقاندەوە و سێ پێشمەرگە برینداربوون.
 
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی لەبارەی رووداوەکەی دوێنێوە بە رووداوی راگەیاند، "پێشمەرگە سەرقاڵی دروستکردنی خاڵێکی سەربازی بوون، لەو کاتەدا پەکەکە درۆنێکی ناردووە بۆ چاودێری، کە دەچێتە سەر ئەو بنکەیە، لە شوێنێکی نادیارەوە تەقەی لێکراوە، نەک لەلایەن پێشمەرگەکان."
 
بە گوتەی کامەران عوسمان، بارەگایەکی تورکیا لەو ناوچەیەدا بووە و بەسەر بنکەکە روانیوە؛ "پێدەچێت لەلایەن ئەو بارەگایەوە تەقەی لێکرابێت، بەو هۆیەوە درۆنەکە، کە بۆمبڕێژکراو بووە، تەقیوەتەوە و زیانی گیانی هەبووە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.