گوندێکی کەرکووک کارەبایان لەڕێگەی وزەی خۆرەوە دابینکردووە و موەلیدەیان نییە

29-04-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
دوو پانێلی وزەی خۆر لەسەر دوو ماڵی گوندەکە دەبیندرێن. وێنە: رووداو
دوو پانێلی وزەی خۆر لەسەر دوو ماڵی گوندەکە دەبیندرێن. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندێکی سنووری کەرکووک موەلیدەی ئەهلی نییە و دانیشتووانەکەی بۆ دابینکردنی کارەبا پشت بە وزە خۆر دەبەستن. حکومەتی عێراق بڕی 10 تاوەکو 30 ملیۆن دینار بە قەرزی 5 ساڵ بە هەر ماڵێک دەدات کە بیانەوێت سیستمی پانێلی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنن.
 
جەمال کامل، دانیشتووی گوندی یارمجە دەڵێت، "گوندەکەمان موەلیدەی نییە و کارەبای نیشتمانیشی خراپە، بەڵام سیستمی وزەی خۆر شتێکی باشە و هەمووان ئەو سیستمەیان داناوە، حکومەتیش ئەم پارەیە بە قەرز دەدات و کاری ئێمەی ئاسان کردووە، چونکە کارەبای نیشتمانی بەردەوام نییە و بەکەڵک نایەت."
 
حکومەتی عێراق لە رێگەی 8 کۆمپانیای نێوخۆییەوە دەرفەتی پێدانی قەرزی بۆ ئەو کەسانە رەخساندووە کە دەیانەوێت سیستمی وزەی خۆر دابنێن؛ کۆمپانیاکانیش لە هەندێک شوێن بە تێچووی مانگانەی پارەی موەلیدە سیستمەکە دادەنێن.
 
زریان تەحسین، ئەندازیاری کارەبا دەڵێت، "لە قیستەکەدا ئەو هاونیشتمانییانەی ناتوانن بە نەقدی پارەکە بدەن تاوەکو کارەبایان لەڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ بین بکرێت، ئێمە ئاسانکاریمان بۆیان کردووە کە بتوانن بە مانگانە و ئەو کرێی دەیدەنە پارەی موەلیدەی ئەهلی، کە کرێ و مانگانەیەکی کەمە، ئێمە دەتوانین سیستمێکی خۆریان بۆ دابنێین، تاوەکو هەمووان سوودی لێ ببینن."
 
حکومەت بەبێ خستنەسەری زیادە، پارەکە وەردەگرێتەوە، سیستمەکان گەرەنتیی 5 ساڵی لەگەڵ دەبێت و کۆمپانیای جێبەجێکار پەیوەستکراوە تاوەکو ئەو ماوەیە ئەگەر کێشەیەک لە سیستمەکەدا هەبوو، بە خۆڕایی چاکی بکاتەوە.
 
شیروان جەلیل، خاوەن کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، "دەتوانن لە ماوەی 5 ساڵدا قەرزەکە بدەنەوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، زیادەی ناخرێتەسەر، واتە حکومەت 10 ملیۆن دینارت پێ بدات، لە ماوەی 5 ساڵدا 10 ملیۆنەکە وەردەگرن، هیچ زیادەیەکی لەسەر نییە و هەموو بەرپرسیارێتییەکی دەکەوێتە سەر کۆمپانیاکانی جێبەجێکار."
 
ئێستا 45%ی فەرمانگە و قوتابخانە و بنکە تەندروستییەکانی کەرکووک سیستمی کارەبای پانێلی وزەی خۆریان داناوە و، بە تەواوەتی دەستیان لە بەکارهێنانی موەلیدەی ئەهلی هەڵگرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە