رووداو دیجیتاڵ
کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەی سێ ساڵە لە زیندانێکی تورکیا دەستبەسەرە، بەڵام دوو رۆژە لە زیندانەکە براوەتە دەرەوە و چارەنووسی نادیارە.
عەلی رەزا جەلیلیان، تەمەن 41 ساڵ، دوای ئەوەی بە کوشتنی بەئەنقەست تۆمەتبار دەکرێ، لە ئێران هەڵدێ و زیاتر لە سێ ساڵە لە زیندانی کرککالە لە تورکیا دەستبەسەر بوو.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-05-2024) سەردار وەڵەدبەگی، ئەندامی رێبەرێتی و بەرپرسی تەشکیلات و ئەمنیەتی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی رەزا، ئەندامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستانە و ساڵی 2019 تۆمەتی کوشتنی کورشی حاجی مورادیان، سەرۆکی پۆلیسی شاری شاباتی دراوەتە پاڵ و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
سەردار وەڵەدبەگی گوتی "دوای دەرچوونی فەرمانی دادگە، عەلی رەزا لە ئێران هەڵدێ و پاسدار تەقەی لێدەکەن، دوو گوللـەی بەردەکەوێت، بەڵام بە برینداری دەگاتە تورکیا و خۆی دەرباز دەکات."
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، دوو رۆژە عەلی لە زیندانی کرککالە براوەتەوە دەرەوە و گومان دەکرێت رادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێتەوە. "ئەگەر ئەمە راستبێ، فەرمانی لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ دەکرێت."
عەلی رەزا جەلیلیان، خەڵکی شاری کودەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ