کەسوکاری ئەفسەرێکی پێشووی عێراق داوای چۆڵکردنی 500 خانوو لە کەرکووک دەکەن

30-05-2025
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
دانیشتووانی گەڕەکەکە گلەییان هەیە
دانیشتووانی گەڕەکەکە گلەییان هەیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کەسوکاری فەریق روکنێکی عەرەبی خەڵکی نەینەوا، کە ئەفسەرێکی باڵای سەردەمی رژێمی بەعس بووە، داوای چۆڵکردن و رووخاندنی نزیکەی 500 خانوو لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکووک دەکەن. لە قۆناخی یەکەمدا، سکاڵایان لەسەر 25 ماڵ تۆمارکردووە.
 
ئەو ئەفسەرە ناوی فەریق سەعید حەمۆیە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە ساڵی 1973 بەدواوە فەرماندەی فیرقەی دوو بووە لە کەرکووک. لە ساڵی 1977، پارچە زەوییەک بە رووبەری 27 دۆنم لە گەڕەکی پەنجا عەلی، کە پێشتر موڵکی کورد بووە، وەک "دیاری" دراوەتە ئەو ئەفسەرە باڵایەی بەعس.
 
کەسوکارەکەی تاپۆی زەوییەکەیان پێشکەش کردووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1977 و، لە ساڵی 2023، بە هاوکاریی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لەو کاتەدا، نوێیان کردووەتەوە. هەروەها، لەجیاتی رووخاندنی خانووەکانیش، داوای پارەیان لە دانیشتووانی گەڕەکەکە کردووە.
 
خەڵکی گەڕەکەکە لەژێر هەڕەشەی دەستگیرکردندان
 
یەکێک لەو کەسانەی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، پیاوێکە کە ماوەی 25 ساڵە بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە هەردوو قاچی لەدەستداوە. ئەو هاووڵاتییە بەڵگەنامەی تاپۆی زەوییەکەی خۆی نیشان دا کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1977 دەگەڕێتەوە و بە ناوی خۆیەوەیەتی.
 
قەیس ئەحمەد، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی پەنجا عەلی، باس لە دۆخی نالەباری خۆیان دەکات و دەڵێت: "داوا لە پارێزگار دەکەین بێتە سەر خەت و لێکۆڵینەوە بکات، یەکێک لە شنگالەوە هاتووە مامەڵە بەم موڵکانەوە دەکات. ئێمە ئەگەر پارەمان هەبێت لەم چۆڵەوانییە دانانیشین." 
 
بە گوتەی دانیشتووانی گەڕەکەک، ئێستا زۆربەیان بەهۆی ئەو سکاڵایەوە خۆیان لە یاسا شاردووەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان زەوی خانووەکانیان یان بە شێوەی یاسایی وەرگرتووە یان بە پارەی خۆیان کڕیویانە.
 
عیسام ئەحمەد، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و دەڵێت، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بێوەژن دەرکردووە کە ئەم خانووەیان بە خێرخوازی بۆ کڕیوە.
 
لەسەر فەرمانی دادوەر، هێزەکانی پۆلیس درەنگانێکی شەو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی گەڕەکەکە، بەڵام تەنیا سێ کەسیان دۆزیوەتەوە لەوانەی فەرمانی گرتنیان هەبووە. ئەو سێ کەسە شەوێک لە زیندان ماونەتەوە و بۆ بەیانییەکەی بە کەفالەت ئازاد کراون.
 
تەواوی زەوییەکانی نیشتەجێبوون لە کەرکووک، لە ساڵی 2005 بەدواوە بە بڕیار و نووسراوی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دابەش کراون. گەڕەکی پەنجا عەلی، کە لە بنەڕەتدا گوندێکی کوردنشین بووە، زەویوزارەکەی هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی کەرکووک لە سەردەمی رژێمی بەعسدا دەستی بەسەرداگیرابوو و درابووە عەرەبی هاوردە.
 
سەبارەت بە نوێکردنەوەی تاپۆی زەوییەکە بۆ کەسوکاری فەریقە بەعسییەکە، عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گومانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: "نازانین ئەم تاپۆیە چۆن نوێکراوەتەوە لەکاتێکدا ئەو زەویوزارانە دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.