رووداو - سلێمانی
لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان رۆژانە 350 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت و هەندێکجار بڕەکەی بەرزتریش دەبێتەوە.
خالید سەلیم، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای بەنداوەکان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە بەراورد بە ساڵی رابردوو لەم وەرزەدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان زیادیکردووە".
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای بەنداوەکان لە سلێمانی دەڵێت: "ئێستا لە بەنداوی دەربەندیخان دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا کاردەکات و 150 مێگاوات کارەبا بەرهەمدێت، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا یەکەیەکی دیکە کە ئێستا لەکارکەوتووە چاکدەکرێتەوە و دەکەوێتەوە کار، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر دەبێت بۆ نزیکەی 240 مێگاوات، لە بەنداوی دووکانیش رۆژانە سێ یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا کاردەکات و بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش لە شەودا دەبێتە چوار یەکە، نزیکەی 250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت لە کاژێریکدا".
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکانی سلێمانی، بەگشتی رۆژانە لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان 350 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت و دەخرێتە سەر تۆڕی نیشتمانی کارەبای هەرێمی کوردستان.
بەرهەم هێنانی کارەبا لە بەنداوەکان پەیوەستە بە رێژەی بارانی ساڵانە و ئاستی ئاوی بەنداوەکان.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "لەم ساڵدا بڕی هەزار و 317 ملیم باران باریووە و بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 480.4 ملیم زیادیکردووە".
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ