بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە پلانی یادی کیمیابارانکردنی سەردەشت بەپێی پلان بەڕێوەنەچوو

29-06-2025
ناسر پیرۆتی
رێوڕەسمی یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی سەردەشت
رێوڕەسمی یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی سەردەشت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، رێوڕەسمی ساڵیادی کیمیابارانکردنی بەپێی ئەو پلانە بەڕێوەنەچوو، کە بۆی داندرابوو.
 
بڕیاربوو ئەم ساڵ رێوڕەسمێکی گەورە بەبۆنەی 38ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی کاریگەریی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، رێوڕەسمێکی بچووک بەو بۆنەیەوە بەڕێوەچوو. 
 
ئێوارەی رۆژی شەممە 28-06-2025 ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییان و ئەندامانی ئەنجوومی داکۆکی لە مافی قوربانییانی کیمیابارانی سەردەشت لە گۆڕەپانی سەرچاوێی نێوشاری سەردەشتەوە بە رێپێوان چوونە سەر گڵکۆی قوربانییان. لە رێگەدا ژمارەیەک هونەرمەندی ژن و پیاو دەفیان لێدا و یادی قوربانییەکان بەرز راگیرا. ژمارەی بەشداربووانی ئەو رێوڕەسمە ئەم ساڵ کەمتر بوو لە ساڵانی رابردوو.
 
حاجی رەحیم واحیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی قوربانییانی کیمیایی سەردەشت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەم دۆخەی هاتووەتە پێش نەیانتوانیوە بەپێی ئەو پلانەی پێشتر دایاننابوو، رێوڕەسمی ساڵیادی کیمیابارانکردنی شارەکە بەڕێوە ببەن. 
 
واحیدی دەڵێت، پێشتر بڕیاربوو ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێران لەنێویاندا جێگری سەرۆککۆمار لەو رۆژەدا سەردانی سەردەشت بکەن و بانگهێشتی بەرپرس و رێکخراوەکانی هەڵەبجەیان کردبوو، بەڵام پلانەکە بەهۆی ئەم دۆخەوە وەکو خۆی جێبەجێ نەکرا.
 
شەوی یەکشەممەش کۆڕێکی ئەدەبی و هونەری بە ناونیشانی "هەناسەیەک بۆ ژیان" لە هۆڵی شەهیدانی کیمیابارانی سەردەشت بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی شارەکە بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەک توێژەر، شاعیر و نووسەری رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمەکانیان پێشکێش دەکەن.
 
شاری سەردەشت لە 7ـی پووشپەڕ (28ی حوزەیران)ی ساڵی 1987 لەلایەن فڕۆکەکانی رژێمی بەعسی پێشووی عێراق کیمیاباران کرا. بە هۆیەوە 132 کەس لە دانیشتووانی شارەکە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 8 هەزار کەس خۆیان بە بەرکەوتەی کیمیایی ناساندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا ناوی 1400 کەسیان تۆمارکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە