باڵیۆزی رووسیا لە عێراق بۆ رووداو: هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە

29-09-2024
تەنیا ئەحمەد
ئێلبرۆس کۆتراشێف، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق
ئێلبرۆس کۆتراشێف، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی رووسیا لە عێراق بە رووداوی گوت، پێیان خۆشە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەوە راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی ئەواندایە.

رۆژی یەکشەممە، 29-09-2024، ئێلبرۆس کۆتراشێف، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "بەداخەوە ئێستا راگیراوە، ئێمە پێمان خۆشە دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی راستەوخۆی کۆمپانیاکانماندایە."
 
کۆتراشێف گوتی: "لەسەر ئەم کێشەیە لەگەڵ هاوبەش و هاوڕێ عێراقی و کوردەکانمان گفتوگۆمان هەیە، هیوادارم هەناردەکردنەوە ببینین و ئەنجامەکەی لە قازانجی هەموو لایەکە."
 
هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکووک، لە 25ى ئادارى 2023وە لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا وەستاوە، ئەوەش لە ئەنجامی بڕیاری دادگەیەکی ناوبژیوانیی پاریس کە هەناردەکردنی نەوتەکەی بێ رەزامەندیی بەغدا لە لایەن ئەنقەرەوە بە نایاسایی دانا.
 
هەفتەی رابردوو، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی نەیهێشتووە تائێستا هەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەربەستێکی یاساییە. 
 
وەک سوودانی روونیکردەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک لە یاسای بودجەی عێراقدا، بە 8 دۆلار دانراوە. بەڵام لە گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە سەرووی 26 دۆلار دانراوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەوە، دەبێت یان یاسای بودجە یان گرێبەستەکان هەموار بکرێنەوە.
 
رۆژی 15-09-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە گوتی: ''حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوە، کێشە لە حکومەت[ی هەرێمی کوردستان] نییە، بەڵکو کێشە لە بەغدایە، ئەگەر نا ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئامادەین."
 
دەقی قسەکانی ئێلبرۆس کۆتراشێف، باڵیۆزی عێراق 
 
"بەداخەوە ئێستا راگیراوە، ئێمە پێمان خۆشە دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی راستەوخۆی کۆمپانیاکانماندایە، لەسەر ئەم کێشەیە لەگەڵ هاوبەش و هاوڕێ عێراقی و کوردەکانمان گفتوگۆمان هەیە، هیوادارم دووبارە هەناردەکردنەوە ببینین و ئەنجامەکەی لە قازانجی هەموو لایەکە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە