ئاوی قەڵادزێ: گرفتی دابەشکردنی ئاومان هەیە

29-09-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ دەڵێت، کەمکردنی ئاوی زێی بچووک، گرفتی بۆ پڕۆژەی ئاوی خاس دروست کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ''رۆژانە تەنیا 30 خولەک ئاو بۆ دانیشتووانی قەڵادزێ بەردەدرێتەوە.''
 
جارێکی دیکە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری لەسەر پڕۆژەی ئاوی خاس داناوە کە ئاو بۆ نزیکەی 100 هەزار دانیشتووی قەڵادزێ دابین دەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 29-09-2025 مارف مەحموود، بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لەدوای 11ـی مانگەوە ئاوی زێی بچووک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیراوەتەوە و گرفتی بۆ تەواوی ناوچەکە بەتایبەتی پڕۆژەی ئاوی خاس دروست کردووە.''
 
بەگوتەی مارف مەحموود کە هاوکات بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاسە، لەکاتێکدا پێشتر رۆژانە نزیکەی کاژێرێک ئاویان بۆ دانیشتووانی قەڵادزێ دەکردەوە، ئێستا تەنیا 30 خولەک ئاویان پێدەگات، ''بۆیە هەندێک لە گەڕەکەکان تووشی گرفتی کەمئاوی بوون.''
 
وەک بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ دەڵێت، تاوەکو ئاستی ئاوی پڕۆژەکە زیاتر داببەزێت، ئەگەری پیسبوونی ئاوەکەی زیاترە، ''بەڵام ئێمە پشکنینی ورد بۆ کواڵیتییەکەی دەکەین و رێگە بە پیسبوونی نادەین.''
 
ماوەیەک لەمەوپێش ئێران ئاوی زێی بچووکی بەردابووەوە. مارف مەحموود لەبارەی هۆکاری بەردانەوەکە گوتی، ''ئەوان پێویستییان بە بڕی زیاتری کارەبا بوو و بۆ بەرهەمهێنانی بڕی زیاتری کارەبا، ناچار بوون ئاوەکە بەربدەنەوە.''
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا بۆ بەردانەوەی ئاوی زێی بچووک و چارەسەرکردنی گرفتەکە  لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قسە نەکراوە.
 
پرۆژەی ئاوی خاس لەسەر رووباری زێی بچووک، لە رێگەی چوار حەوزی ئاوەوە کە توانای گلدانەوەی نزیکەی 40 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، ئاوی خواردنەوە بۆ قەزای قەڵادزێ دابیندەکات.
 
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە. بەهۆی گلدانەوەی ئاو بۆ ئەو بەنداوە، ساڵانە بەگوێرەی پێویستیی خۆی، ئاوەکە دەگرێتەوە.
 
گرتنەوەی ئاوەکە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زێی بچووک لە قەڵادزێ کە جیا لە گرفتی ئاوی خواردنەوە، زیان بە کشتوکاڵی ناوچەکە دەگەیێنێت، هەروەها کاریگەری لەسەر سامانی ماسیش دەبێت کە نزیکەی 200 حەوزی ماسی لەسەر ئاوی رووبارەکە هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.