رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایگەیاند، مەرجی پارتی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت پەسندکردنی سیستمی فیدراڵییە لەلایەن عێراقەوە، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق دەستووریان پێشێلکردووە و خۆیان دزیوەتەوە لە جێبەجێکردنی. پێیوایە حیزبەکەی زیاتر لە 31 کورسی بەدەستدەهێنێت.
پارتی: دەسەڵاتدارانی عێراق پاشگەزبوونەتەوە لەو دەستوورەی دەنگیان پێداوە
ڤاڵا فەرید، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکشی دەکات، رایگەیاند، "پێمانوایە بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە پێشێلکراوە".
باسی لەوەش کرد، "زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و کوردستانییەکان بەشداربوون لە نووسینەوە و دروستکردنی ئەو دەستوورەی ئێستای عێراق، بەڵام لەو رۆژەی ئەو دەستوورە گشتپرسی لەسەر کراوە، تاوەکو ئەمڕۆ زۆر بە زەقی لەدوای 2013وە، مادە و بنەمای فیدراڵییەت لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە پێشێلکراوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتیان گرتە دەست و خۆیان گرت، پاشگەزبوونەوەیان پێوە دیارە لەو دەستوورەی کە دەنگیان لەسەری دابوو، بە قسە نەیانگووتووە پەشیمانن، بەڵام بە کردار دەردەکەوێت".
بە گوتەی ڤاڵا فەرید: "56 مادە زیاتر بەرامبەر بە سیستمی فیدراڵین، لەو مادانەش چەندینیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە پێشێلکراون و جێبەجێنەکراون، زۆربەیان کاریگەرییان لەسەر کوردستان هەبووە. بۆ نموونە دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان و هەموو پارێزگاکان، هەر پارێزگا و هەرێمێک نوێنەری خۆی هەبێت بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق خۆیان دەدزنەوە لە جێبەجێکردنی، لەناو دەستووردا زۆربەی مادەکان پاشکۆیەکیان بۆ داناوە بە یاسا چارەسەر دەکرێت، ئەو یاسایانەش لە ساڵی 2005ـەوە ماونەتەوە و جێبەجێ نەکراون، بۆ نموونە بابەتی نەوت".
تاوەکو ئێستا یاسای نەوت و گاز لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ نەکراوە. لەو بارەیەوە ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "مادەکانی 111، 112، 114، 115، 106 و 105 هەموو ئەو مادانەی دەستوور پەیوەندییان بە پرسی هەرێمی کوردستانەوە هەیە بە تایبەتی پرسی نەوت، کە لەناو دەستووردا بڕ و وەبەرهێنانی هەموو کێڵگەکانی داهاتوو بە هاوبەشی بەکاردەهێنرێن، ئەوەی پێشتر بەرهەمهاتووە لەناو دەستوور رێکخراوە و چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتەکەی بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بەڕوونی لەناو دەستوور باسکراوە. ئەو مادانەی لە دەستووردا هەن تەنیا پێویستییان بە دەرکردنی یاسایە، لەوانەیە هەندێکیان خوێندنەوەی یەکەمیشیان بۆ کرابێت، بەڵام نەیانهێشتووە پەسند و جێبەجێ بکرێت."
پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت مەرجی پەسەندکردنی سیستمی فیدراڵییە
لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، ڤاڵا فەرید دەڵێت: "پارتی زۆر بە روونی لە درووشمەکەیدا باسی مەرجی پێکهێنانی حکومەتی کردووە، پێویستە عێراق هەنگاو بهاوێژێت بۆ پەسەندکردنی سیستمی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق ویستیان هەبێت بۆ دەوڵەتێکی عێراقیی فیدراڵی، چونکە زۆربەی پێکهاتەکان گلەییان لە جێبەجێنەکردنی دەستوور هەیە، دەستوور هەمووی لەسەر بنەمای فیدراڵییەت نووسراوە، بەڵام تەنیا یەک لایەن رازییە لە مانەوەی دەستوور بەم شێوەیە، ئەو لایەنەشە سوودمەندە".
باسی پەیامی پارتی بۆ عێراقیش دەکات و دەڵێ: "پەیامی پارتی روونە ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، عێراق دەبێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی و هەموو پێکهاتەکان هەست بە پارێزراوی دەکەن، ئەگەریش جێبەجێ نەکرا، دەسەڵاتداران نابێ گلەیی بکەن لەوەی پارتی و لایەنەکانی دیکە هەر هەڵوێستێکیان هەبێت".
پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە خولی داهاتوودا هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵی دەدات. ڤاڵا فەرید ئاماژەی بەوەدا: "هەموو کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە هەیە."
پارتی: پێشبینیی بەدەستهێنانی زیاتر لە 31 کورسی دەکەین
ڤاڵا فەرید روونی کردەوە: "هەوڵدەدەین زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنین. بارودۆخمان لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان باشترە لە هەڵبژاردنی رابردوو، چونکە دەستی ئاوەدانی بەبێ جیاوازی و پڕۆژەکانی حکومەت گەیشتووەتە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکەین زیاتر لە 31 کورسی بەدەستبهێنین لەم هەڵبژاردنە."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایگەیاند: "وەکو پارتی، راپۆرتی تایبەتمان ئامادە کردووە، لەسەر چۆنیەتی پێشێلکردن و دیاریکردنی ئەو مادە دەستوورییانە. هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان و پێویستە لە عێراق دەربچن، ئامادەمان کردوون. یاسای دادگای فیدراڵیمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی شاندێکمان بچێتە عێراق و گفتوگۆ بکات، هەروەها یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی، نەوت و گاز، قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی جینۆساید و تاوانەکانی ئەنفاڵ و کیمیابارانمان ئامادە کردووە. هەوڵدەدەین بە کۆی دەنگی هەموو لایەنەکان کاری لەسەر بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ