رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی قوتابییەک لە بۆکان لەلایەن مامۆستاکەی لێی دەدرێت و لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێت، مامۆستاکە لەسەر کارەکەی لادەدرێت و دواتریش دەستگیر دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-10-2025، فەرهاد پەرتەویان، باوکی قوتابییەکە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشیکرد، زانیاریی زیاتری لەسەر رووداوەکە و تەندروستیی کوڕەکەی خستەڕوو.
فەرهاد پەرتەویان رایگەیاند، ''ئێستا تەندروستیی ئاروینی کوڕم (قوتابییەکە) باشە و دوێنێ شەو لە نەخۆشخانە نێردرایەوە ماڵەوە.''
باوکی قوتابییەکە ئاماژەی بەوە دا، پزیشکەکان گوتوویانە پێویستە ئاروین چەند رۆژێک لە ماڵەوە پشوو بدات، ''بەڵام ئێمە پێمان خۆشە بە زووترین کات بگەڕێتەوە قوتابخانە، بۆیە لە شەممەوە لە قوتابخانەکەی ئامادە دەبێت.''
بەگوتەی فەرهاد پەرتەویان، ئاروین بەهۆی لێدانەکەوە، زەبر بەر سەر و ملی کەوتووە، ''بەڵام سوپاس بۆ خودا پێویستی بە نەشتەرگەری نەبووە و دوو هەفتەی دیکە دەبێ دووبارە سەردانی پزیشک بکەینەوە، بۆ ئەوەی پشکنینی نوێی بۆ بکرێتەوە.''
باوکی قوتابییەکە دەستخۆشی لە بەرپرسانی بۆکان بەتایبەتی خەشایار سەنعەتی، قایمقامی شارەکە دەکات کە بە باشی بەدواداچوونیان بۆ رووداوەکە کردووە و دەشڵێت، ''سکاڵام تۆمار کردووە، ئێستا مامۆستایەکە لەسەر کار لادراوە و دەستگیر کراوە.''
بەگوتەی فەرهاد پەرتەویان، ئاروین وەرزشڤانە و پێشتر لە وەرزشی کاراتێدا، پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی ئێران بەدەستهێناوە.
رووداوەکە رۆژی دووشەممە 27-10-2025 لە قوتابخانەی سەرەتایی کوڕانەی باهونەر لە نێوشاری بۆکان روویداوە و مامۆستایەکە کە یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە بووە، بە تووندی بە دەست لە ئاروین پەرتەویانی داوە، کە قوتابیی پۆلی شەشە.
دوێنێ سێشەممە ئاروین لەسەر تەختی نەخۆشخانەوە باسی هۆکاری لێدانەکەی کرد و گوتی، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ قوتابییەکی دیکە بووەتە شەڕی، یاریدەدەری قوتابخانەکە بە تووندی لێیداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ