رووداو دیجیتاڵ
ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان "نایابن" و جەختیکردەوە کە "داهاتوو گەشە." راشیگەیاند، ئاستی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار و پێیوایە یەک لەسەر سێی ئەو بڕە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندایە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە 102یەمین ساڵیادی راگەیاندنی کۆماری تورکیا، ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، "زۆر تایبەت و بێوێنەیە کە لە هەولێر ئاهەنگ دەگێڕین."
کۆنسووڵی تورکیا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "نایابە، هەروەک دەزانن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی بەم دواییانە لە ئەنقەرە بوو، لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەمان کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لە کاتی خۆیدا بوو."
تۆپچو گوتیشی: "داهاتوو گەشە، چەندین بوار هەن کە پێویستە پێکەوە کاریان بۆ بکەین. لەڕووی ئەمنییەوە زۆر بەهێزین، لە سیاسەت زۆر بەهێزین، لە ئابووری زۆر بەهێزین."
"کارسازە تورکەکان بەشێکن لە چیرۆکی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان"
سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکان، کۆنسووڵی تورکیا گوتی: "نزیکەی 30 ساڵە کارسازە تورکەکان لە هەرێمی کوردستان چالاکن، ئەوان بەشێکی گرنگی چیرۆکی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی ئەم هەرێمەن."
ئاشکرایکرد، "ئێستا بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا 20 ملیارە. پێمانوایە کە یەک لەسەر سێی ئەمە لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. هێشتا بواری زۆر هەن بۆ ئەوەی گەشەی پێبدرێت."
"کۆنسووڵخانەکەم گەورەترین کۆنسووڵخانەی وەزارەتی دەرەوەیە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاسانکاریی ڤیزە، ئەرمان تۆپچو رایگەیاند، کۆنوسوڵخانەکەیان "لەڕووی ژمارەی ڤیزەوە، گەورەترین کۆنسووڵخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا"یە و هاوکارەکانی "شەو و رۆژ کار لەسەر خواستێکی زۆر گەورەی خەڵک دەکەن."
ئەو گوتی: "هەوڵدەدەین تاوەکو بکرێت پرۆسەی پێدانی ڤیزە ئاسان و خێرا بێت. ئەگەر تورکیا لەو ناوچە جوگرافییە دەربهێنیت و وڵاتێکی دیکە دابنێی، لەم دۆخە ئەمنییەی ئێستا، باوەڕ ناکەم هیچ وڵاتێک ئەوەندە ئاسانکار بێت."
تۆپچوو نموونەی ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیلی هێنایەوە و گوتی، کاتێک ئاسمان داخرا، "تورکیا ئەو وڵاتە بوو کە سنووری خۆی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق کردەوە" بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ