رووداو دیجیتاڵ
ئهندامێکی مهكتهبی سیاسیی یهكێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوکات ئهندامی لیژنهی دانووستاندنکاری ئەو حیزبەیە بۆ بەغدا رایدەگەیێنێت، لەگەڵ پارتی بڕیاریان داوە بە شاندی هاوبەش بچنە بەغدا، دەشڵێت "لەگەڵ پارتی کۆک و هاوڕاین".
عیماد ئەحمەد، ئهندامی مهكتهبی سیاسیی یهكێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوکات ئهندامی لیژنهی دانووستاندنکاری ئەو حیزبەیە بۆ بەغدا لەمیانی بەشداریکردنی لە رووماڵێکی تایبەتی رووداو لە کاژێر 16:00 رایگەیاند، "ماددەی 140 و جێبەجێکردنی دەستوور، حکومەتی سەرتاسەری و هاوبەشیی راستەقینە، خاڵە دیارەکانی کارنامەی یەکێتی و پارتین"، دەشڵێت "لەگەڵ پارتی بڕیارمان داوە بە شاندی هاوبەش بچینە بەغدا".
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار کە پشکی کوردە، ئەو ئهندامەی مهكتهبی سیاسیی یهكێتی دەڵێت، "بەرچاومان روونە"، بەڵام باسی لەوەش کرد کە "لە کۆبوونەوەی فەرمیی یەکێتی و پارتی باسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە".
بە گوتەی عیماد ئەحمەد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان "کۆک و هاوڕان و لە دوایین کۆبوونەوە خاڵی ناکۆکمان نەبووە".
رووداو: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرنامەی خۆی بۆ دانووستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق ئامادە کردووە؟ گرنگترین خاڵەکانی ئەو بەرنامەیە چین؟
عیماد ئەحمەد: پێشەکی زۆر سوپاستان دەکەم، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بەبۆنەی ساڵی تازە، هیوادارین ساڵی ئاییندە ببێتە ساڵی خێر و سەرکەوتن، ساڵی وەلانانی کێشەکان و کۆتاییهاتنی کێشەکانی ناوخۆیی و ئەمساڵ بکەینە دەستکەوتێک بۆ میللەتەکەمان و کێشەکانمان لە هەرێم و بەغدا چارەسەر بکەین. وەکو یەکێتی بەرنامەی خۆمان دەستنیشان کردووە، لەگەڵ برایانی پارتی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوولا لە دەباشان، بڕیارمانداوە بە تیمێکی کوردستانی، بە یەکێتی و پارتی و هەموو لایەنەکان ئەگەر بەشدارییان کرد، بە بەرنامەیەکی هاوبەش بچینە بەغدا، بۆئەوەی بتوانین داکۆکی لە مافی رەوای گەلەکەمان بکەین و بتوانین عێراقی تازە کە لە ساڵی 2003 هاتووەتە کایەوە، بە یەکێتی و پارتی و هەموو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەوکات دژ بە داگیرکەر و دیکتاتۆرییەت هێناویانەتە کایەوە، بەڵام جارێ زۆر شتی باشتر ماوە بچەسپێت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق. گرنگترین خاڵی بەرنامەکەمان ئەوەیە کە بتوانین دەستوور جێبەجێ بکەین، دەستوورێک کە تەوافوقییە، کە بتوانین شەریک بین لە دەسەڵات، دابەشکردنی داهات لە عێراق بە عەدالەت، بتوانین ماددەی 140 و کێشەکانی سەر سنوور جێبەجێ بکەین، بتوانین بەیەکەوە بەرامبەر سەرهەڵدانی داعشی تازە ببینەوە. بتوانین مافی رەوای پێشمەرگە حسابی بۆ بکرێت. بتوانین لە بودجەی ئەمساڵی عێراق کە دادەنرێت، مافەکانی خۆمان تێیدا دەستنیشان بکەین. حکومەتێک پێکبهێنین کە حکومەتێکی سەرتاسەری بێت، ئێمە شەریک بین لە دانانی بەرنامەکەی. سەرەڕای ئەوەی پۆستەکان گرنگیی خۆیان هەیە، بەڵام بتوانین شەریکێکی راستەقینە بین لە عێراقی نوێ. سەرەڕای ئەوەی ئێمەی کورد مافمان هەیە و ئەرکمان هەیە، ئێمە ناکرێت لە عێراقی نوێ رۆڵمان نەبێت، ئەبێت قورسایی خۆمان لە بەغدا ببینین و قورسایی خۆمان لە هەرێمی کوردستانیش بە یەکڕیزی ببینین. ئێمە هەرکاتێک یەکڕیز بووین، توانیومانە مافی رەوای گەلەکەمان باشتر مسۆگەر بکەین، هەرکاتێکیش ناکۆک بووین، ئەو فرسەتانەی کە هاتوونەتە پێشمان نەمانتوانیوە بیقۆزینەوە.
رووداو: چی بەربەست بووە لەبەردەم ئەوەی کە کورد نەیتوانیبێت لە رابردوودا بە باشی لە بەغدا بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت؟
عیماد ئەحمەد: مەسەلەی فیدراڵییەت لە عێراق تازەیە، لای خۆشمان تازەیە. هەردوولا بە باشی لەو ئەرک و مافانە تێنەگەیشتووین، یان هەردوولا هەوڵمانداوە باشترین مافمان هەبێت، یان باشترین دەستکەوتمان هەبێت، یان کەمترین ئەرکمان لەسەر بێت، مەسەلەی فیدراڵییەت و دیموکراتییەت لە عێراق شتێکی تازەیە. شتێکی نامۆ نییە و دەبێت قبووڵی بکەین، نەڵێین ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار، ساڵ بە ساڵ بەرەوپێشەوە بچین، ئێمەی کورد شۆڕشمان بەرپاکردووە، لە راپەڕینەوە توانیومانە ئەم قەوارە دروستبکەین، لە رووخاندنی رژێم توانیومانە هاوبەشێکی راستەقینە بین و ئەم عێراقی نوێیە بهێنینە کایەوە، بەڵام زۆر شت ماون. راستە وڵاتەکەمان رزگار کردووە لە دیکتاتۆرییەت، بەڵام هێشتا پێویستمان بە زۆر شتە، وەکو ئاوەدانکردنەوەی زیاتر، خۆشگوزەرانیی زیاتر، ئازادیی زیاتر، دامەزراوەی دیموکراتیی باشتر بچەسپێنین، بۆ عێراقیش هەمان شێوە، بەربەستەکان بەشێکی بابەتییە و بەشێکی خۆییە، لەنێو ماڵی خۆمان ناکۆک بووین لەجیاتی ئەوەی بچین داوای مافی خۆمان بکەین، جارجار چووین داوای لابەلامان کردووە.
رووداو: خاڵە سەرەکییەکانی بەرنامەکەتان، لەپێشەوە مافە سەرەتاییەکانی کوردستانن، یان پۆستەکان؟
عیماد ئەحمەد: مافەکانی کوردستانن، مافەکان خۆی لە ماددەی 140 دەبینێتەوە کە سنووری کوردستان دەستنیشان دەکات، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە دەسەڵاتی ناوەند چییە و دەسەڵاتی هەرێم چییە، دابەشکردنی دەسەڵات و داهات. ئێمە لایەنێکین لە عێراقی تازە، چۆن بتوانین بە باشی لەو داهاتەی کە هەمانە لە نەوت، سنوور، ناوخۆ، دەتوانین خۆشگوزەرانییەکی باش بۆ کۆمەڵانی خۆمان دابین بکەین، سێ خاڵی سەرەکی 'داهاتی دارایی، دەسەڵات، سنووری خۆمان" لە بەرنامەی هاوبەشی هەردوولامان هەیە.
رووداو: یەکێتی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی کردووەتەوە؟
عیماد ئەحمەد: تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەخێر، بەڵام بەرچاومان روونە، لە دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمار یەکێتی کێشەی نابێت، پێمان خۆشە ئەمەش ببێتە دەستە گوڵی هەموو لایەنە سیاسییەکان، بە یەک بەربژێر بچینە بەغدا و داواکانی خۆمان چارەسەر بکەین، بەمەش جێ پێی خۆمان تووندتر بکەین.
رووداو: سەرکردەکانی یەکێتی لەو ماوەیەدا چەند جارێک لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی کۆبوونەتەوە، پارتی رازییە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت؟
عیماد ئەحمەد: تاوەکو ئێستا وەکو شاند لە کۆبوونەوەی فەرمی باسی ئەو بابەتە نەکراوە.
رووداو: پارتی رازییە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت و د. بەرهەم ساڵح بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە پۆستەکەی بمێنێتەوە؟
عیماد ئەحمەد: ئەو پرسیارە دەتوانیت لە برایانی پارتی خۆیان بکەیت، من ناتوانم لە جێگەی ئەوان وەڵامت بدەمەوە.
رووداو: ئێوە و پارتی بەرنامەی جیاوازتان دەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان یان بە یەک بەرنامە دەچن؟
عیماد ئەحمەد: تاوەکو ئێستا هەریەکەو بەرنامەی خۆمان هەیە، ئێمە بەرنامەی خۆمان داناوە، چاوەڕوانی برایانی پارتین، بە ئەو دوو بەرنامەیە دەتوانین بەرنامەیەکی هاوبەش دروستبکەین، بەو بەرنامە هاوبەشە بەیەکەوە بە یەک تیم و یەک شاند بچینە بەغدا.
رووداو: ئەو بەرنامە هاوبەشە کەی بڕیارە پێکبێت؟
عیماد ئەحمەد: ئێمە ئامادەین، بەڵام کەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کرا و بەرنامە هاوبەشەکە دانرا، سەردانی لایەنە عێراقییەکان بکەین بە هەموو لایەنە عێراقییەکان گفتوگۆ بکەین، دەبێت داوای مافی خۆمان بکەین، لە چوارچێوەی فیدراڵییەتی ئێستا.
رووداو: چی رێگرە لەبەردەم ئەوەی کە پارتی و یەکێتی زوو کۆنەبنەوە؟
عیماد ئەحمەد: ئەوەی من بینیومە، هیچ کۆسپ و رێگرییەکم نەبینوە. کۆبوونەوەیەکی باشمان لە دەباشان کرد، هاوڕا بووین، دانیشتنمان کرد، ئێمە ئێستا هاوهەڵوێستین، هاوڕاین، هیچ ناکۆکییەکمان نییە، ئێستا ئەوەی ماوە بیخەینە چوارچێوەی رێککەوتنێک.
رووداو: لەگەڵ ئەوەن حکومەتی داهاتووی عێراق زۆرینەی نیشتمانی بێت، بە سازان و بنکە فراوان بێت؟
عیماد ئەحمەد: ئێمە لەگەڵ سازان و بنکە فراوانین بەیەکەوە بێت باشترە؛ بەڵام ئێمە وەکو کورد و وەکو هەرێمی کوردستان لەگەڵ سازانین. لەگەڵ جێبەجێکردنی دەستوورین. بە سازان، تێگەیشتن و ئەرک و ماف وەکو کورد دەتوانین مافی خۆمان مسۆگەر بکەین. ئێمە سەردانی لایەنەکان دەکەین، دەمانەوێت شەریکێکی راستەقینە بین. دەمانەوێت بە هاوسەنگی و تەوافوق ئیش و کارەکانی عێراق بەڕێوەببەین، چونکە ئێمە لە دووڕیانێکین ناتوانین بە زۆرینە و کەمینە بڕیاری چاک بدرێت، بەڵام دەتوانین بەیەکەوە عێراقی تازە دابمەزرێنین. کەی دامەزراوەی دیموکراسی هەبوو، لێکتێگەیشتنی باش هەبوو، ئەوکاتە کەمینە و زۆرینەش بێت، کورد لە مافەکانی ناترسێت؛ بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەموو شتێک بە سازان یەکلایی بکرێتەوە.
رووداو: چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی لە هەولێر، سەردانی ئێوەشی کرد، چییان گوت؟
عیماد ئەحمەد: ئەوان داوای ئەوەیان لە ئێمە کرد رای خۆمان سەبارەت بەم خولەی هەڵبژاردن بڵێین، بەرنامەمان چییە؟ داوایان کرد بەیەکەوە کێشەکانی عێراق چارەسەر بکەین، بەیەکەوە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکەین. بتوانین عێراقێکی باشتر دابمەزرێنینەوە بۆئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشی میللـەتەکەمان بکەین. هەر یەکێک لەو لایەنانەی بەشداریی کۆبوونەوەکانیان کرد، حیزبی جیاواز بوون، ئێمە گوتمان لەگەڵ تەوافوق و تەنسیقین، دووری و نزیکیمان لەگەڵ لایەنەکان یەک ماوەیە، ئێمە ئەمانەتێکی مام جەلالمان لە ئەستۆیە، کە دەیگوت، 'ئێمە لەگەڵ برایانی شیعە لە هاوپەیمانێتی ئەساسی بین بۆئەوەی بە هەردوولامان بتوانین عێراقی تازە بنیات بنێینەوە'، ئێمە لەگەڵ برایانی شیعە لە شاخ، لە دروستکردنی عێراقی تازە و رووخاندنی رژێم هاوخەبات بووین، راستە ماوەیەک هەبووە ناکۆک بووین، بەڵام دەبێت دەرسی لێوەرگرین و سنگمان فراوانتر بێت، دەبێت ئەمجارە کابینەیەک دروست بکەین کە جارێکی دیکە زوڵممان لێنەکات نە لە بەشی دارایی، نە لە بەشی دەسەڵات، نە لە بەشی سنووری کوردستان.
رووداو: لە قسەکانیان دیاربوو کە گۆڕانکاری لە هەڵوێستیان روویداوە؟ بەتایبەتی نووری مالیکی؟
عیماد ئەحمەد: دەرەنجمەکانی ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکارییەکی زۆری لەسەر ئاستی ساحەی سیاسیی عێراق دروستکردووە، سەرجەم لایەنەکان چاوەڕوانی ئەوەن چۆن بتوانن هاوبەش بن، ئەمە کۆبوونەوەیەکی زەمینەسازی بوو، بۆئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا کە شاندی کوردستان دەچێتە بەغدا تاوەکو بزانین چی دەکەین، مافمان چییە و ئەرکمان چییە.
رووداو: هەستتان بەوە کرد کە هەڵوێستیان گۆڕاوە بەرامبەر بە ماف و شایستەکانی کورد لە بەغدا؟
عیماد ئەحمەد: بەڵێ، بەڵام ئەوە بە قسەیەکی 'تەمهیدی' بووە، کەی دەبێتە کردار ئەوکاتە دەبێت زیاتر گرنگی بخەینە سەر قسەکان.
رووداو: سەدرییەکان پەیوەندییان بە ئێوە کردووە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق؟
عیماد ئەحمەد: من شەخسی خۆم ئاگادار نیم، بەڵام ئەوانیش بێ جموجۆڵ و بێ پەیوەندی نین؛ بەڵام چۆن، کەی و لە کوێ؟ من ئاگام لەوە نییە.
رووداو: هیچ شتێک بە ئێوە گوتراوە لەبارەی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەیوەندییان لەگەڵ رەوتی سەدر؟
عیماد ئەحمەد: قسەمان نەکردووە، ئەوەی راستە وەکو کورد، ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە گفتوگۆدا بین، بتوانین بەیەکەوە عێراقی تازە دروستبکەین، ناوماڵی خۆمان رێکبخەین، ناوماڵی شیعە و سوننە رێکبخەین، دواجار بە هەموومان ناوماڵی عێراق رێکبخەین، ئەوەی گرنگە ناوماڵی خۆمان وەکو کورد رێکبخەین، کەی یەک و یەکگرتوو بووین، توانیومانە زۆر ماف بەدەستبهێنین و کێشەکانمان چارەسەر بکەین، کە ناکۆک بووین، خۆمان بینی و بەرەو کوێ چووین، ئەگەر 'ئیستێک' نەبووایە لەوانەبوو بەڵایەکی گەورە بەسەر ئەم کوردستانە بهاتایە.
رووداو: موقتەدا سەدر، تویتێکی کردووە جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکات، پێتوایە ئەم حکومەتی زۆرینەیە بۆی دەچێتەسەر؟
عیماد ئەحمەد: هاوسەنگیی هێز ئەوە دیاری دەکات، ئێمەی کوردیش دەزانرێت کە هێزمان چەندە، تاوەکو بتوانین شێوە تەوافوقیەکە بگرینەبەر، ئەگەر نەبوو، ناکرێت دەرگاکان دابخەین، دەبێت بیر لە حاڵەتی دیکەش بکەینەوە، ئەگەر حکومەتی زۆرینەش دروستبوو، دەبێت ئێمە ڤیتۆیەکمان هەبێت بۆئەوەی بەیانی زووڵم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت، نە کورد، نە سووننە، تورکمان و مەسیحی ناتوانن ببنە زۆرینەی دەنگی عێراق، بۆیە ئەگەر زۆرینە سەپێندرا، دەبێت بیر لە چارەسەر بکەینەوە.
رووداو: باشترین چارەسەر لە ئەگەری سەپاندنی زۆرینە چییە؟
عیماد ئەحمەد: یەک و یەکگرتوویی خۆمانە.
رووداو: پێتوایە لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق کێ دەبن؟
عیماد ئەحمەد: شیعە، سوننە و کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ