رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن، لەبارەی پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە پێشمەرگەیش گوتی: ''نەهاتوون، بەڵام دێن.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-01-2025، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند: ''پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.''
عەبدوخالق بابیری باسی یەکخستنەوەی هێزەکانی یەکەی 70 و 80ـی کرد و گوتی، لە مانگی سێی ئەم ساڵەوە، ئەو دوو هێزە بە شێوەی دوو فەرماندەیی (قیادە) ناوچە دەچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا نزیکەی شەش فیرقەی هاوبەش پێکهێنراون و بڕیاریان لەسەر دراوە و لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کەوتوونەتە کار، گوتیشی، ''ئامادەکاری بۆ پڕۆسەکە دوو مانگی پێویستە و گەلێک خێرا بەڕێوەدەچێت، بۆیە پێموایە بەپێی ئەو خشتە زەمەنییەی کە داندراوە، بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازی، رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی پێشمەرگە زۆرباش بەڕێوەچووە و گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.''
بەگوتەی عەبدولخالق بابیری، ئەگەری هەیە بەر لە ساڵی 2026، کۆتایی بە پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بهێنرێت.
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ''هاوکاریی هاوپەیمانان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە کە رێگری لە ناردنی بکرێت یان بەردەوام نەبێت.''
پێشتر، هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.
ساڵی 2023، کۆنگرێسی ئەمریکا کاری لەسەر پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە کرد و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا مادەکە لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی بودجەی بەرگری بۆ ساڵی 2024 تێپەڕێندرا. عەبدولخالق بابیری لەوبارەوە بەبێ ئاماژەدان بە هیچ کاتێکی دیاریکراو گوتی: "هەموو وردەکارییەکان هەن، [سیستمە بەرگرییەکان] نەهاتوون، بەڵام دێن.''
هەوڵی ئەندامانی کۆنگرێس بۆ پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێران و تورکیا بە پاساوی جیاجیا بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ