هەرێمی کوردستان؛ هەر بازرگانێک لە رەمەزان نرخ بەرزبکاتەوە سزا دەدرێت

30-03-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی پارێزگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەڵێن، "لە مانگی رەمەزاندا چاودێری نرخی بازاڕ دەکرێت و رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخ دەکەن، بە تایبەت ئەو خۆراکانەی کە پێویستی رۆژانەی هاونیشتمانییانن، هەر بازرگانێکیش نرخ بەرزبکاتەوە سزا دەدرێت".
 
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئاداری 2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، " لە مانگی رەمەزان زیاتر بە شەوان قەرەباڵخی دروست دەبێت، لە هەندێک شوێنیش رێوڕەسمی تایبەت بە مانگی رەمەزان ئەنجام دەدرێت، بۆیە لیژنەکانمان لەو شوێنانە پلانی تایبەتی خۆیان هەیە و بە بەردەوامی ئامادە دەبن و چاودێریی هاتووچۆی هاونیشتمانییان دەکەن."
 
سەبارەت بە زیادکردنی ژمارەی لیژنەکانیان لە شەوانی رەمەزان، قایمقامی هەولێر گوتی، "لیژنەکانمان بەردەوام لە کاردا دەبن، بە تایبەت شەوان، بە دڵنیایەوە بەهۆی قەرەباڵخی، کاژێری کارکردنیان زیاتر دەبێت، ئەگەر رۆژانی ئاسایی چوار کاژێر کار بکەن ئەوا لە رەمەزاندا دەبێت بە هەشت، هەروەها ژمارەی ئەندامانیان و گەڕانیشیان بەراورد بە رۆژانی دیکە زیاتر دەبێت."
 
سەبارەت بە چاودێریکردنی نرخی بازاڕ نەبەز عەبدولحەمید باسی لەوە کرد، "چاودێریکردنمان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی شتومەک لە بازاڕ چڕتر دەکرێتەوە، بە تایبەت بۆ ئەو پێداویستییانەی کە لەو مانگە بۆ هاونیشتمانییان گرنگن، وەک خورما، نیسک، شەربەت، شیرەمەنی و چەند پێداویستییەکی دیکە."
 
سەبارەت بە ئاسانکاریی بۆ بازرگانان بۆ هێنانی ئەو خۆراکانەی کە پێویستیی سەرەکییە لە مانگی رەمەزاندا قایمقامی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، "ئاسانکاریی بۆ بازرگانان کراوە و لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە هێنانی خورما، نیسک و چەند پێویستییەکی دیکە، لە لایەن لیژنەکانمانیشەوە چاودێریی کۆگەکانیان دەکرێت، کۆنترۆڵی بەرزبوونەوەی نرخمان کردووە، ئەگەر هەر هانیشتمانییەک لە هەر جێگەیەک بینی نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە دەتوانێت ئاگادارمان بکاتەوە."
 
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانیش، سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی رەمەزان و لە ناو مانگی رەمەزانیش هەندێک بازرگان هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخ دەدەن، بەڵام ئێمە لەڕێگەی لیژنەکانمان بە وردیی چاودێری ئەو بابەتە دەکەین و رێگریی لێ دەکرێت."
 
سەبارەت بە ژمارەی لیژنەکانیان بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی باسی لەوە کرد، "پێنج بۆ شەش لیژنەمان دەبێت کە رۆژانی رەمەزان چاودێری بازاڕ دەکەن، هەر شوێنێک نرخ بەزربکاتەوە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک راستەوخۆ شوێنەکەی دادەخرێت." 
 
لە بارەی نرخی ئێستای ناو بازاری سلێمانی سۆران غەفوور گوتی، "ئێستا نرخەکان جێگیرن، تەنانەت هەندێک لە هەرزان بازاڕەکان بۆ هاوکاری خەڵک نرخەکانیان کەمکردووەتەوە".
 
میلـلەت زکری، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕی دهۆک لە بارەی چاودێریکردنی نرخی بازاڕ بە رووداوی گوت، "دوێنێ لە بارەی کاری لیژنەکانمان و چاودێریکردنی بازاڕ لە مانگی رەمەزان لەگەڵ قایمقامی دهۆک کۆبوونەوەیەکمان کرد، هەر کەسێک نرخی هەر کاڵا و شتومەکێک زیاد بکات بە پێبژاردن یاخود داخستنی شوێنەکەی سزای دەدەین."
 
سەبارەت بە ژمارەی لیژنەکانیان گوتی، "سێ لیژنەمان هەیە بە شەو رۆژ چاودێری بازاڕ و نرخەکان دەکەن، هەر کەسێک بە گوێرەی سەرپێچییەکەی سزا دەدرێت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکێتێک لە هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی بازرگانی: خۆراکی شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە و رێگە نادەین بازاڕ قۆرخ بکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بەهۆی جەنگەوە هیچ کێشەیەکی کەمیی خۆراک دروست نابێت و رایدەگەیێنێت، خۆراکی پێویست بۆ شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە.