رووداو دیجیتاڵ
عەبدولکەریم حوسێنزادە، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک دەکات و سەرەخۆشیی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە دەکات.
عەبدولکەریم حوسێنزادە، کوردە و خەڵکی نەغەدەیە. لە پەیامێکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوخەمی و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی و گەلی ئێرانی بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای پاسدارانی ئێران دەربڕی.
حوسێنزادە نووسیویەتی: "وەک ئێرانییەکی ئاشتیخواز و کوردێکی ئاشتیخواز، خۆم بە هاوبەشی خەمی بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە و تەواوی گەلی کوردستان دەزانم."
جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامەکەیدا هێرشکردنە سەر شوێنی مانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە "کارێکی ناجوامێرانە، بێڕەوشتیی سیاسی و هەنگاوێکی دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوزەد کردووە.
هەر لەو پەیامەدا، حوسێنزادە پێزانینی خۆی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی دەربڕیوە لە پێناو "بڵاوکردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان لە چوارچێوەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق." هیواشی خواستووە ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و چیدیکە کارێکی لەو شێوەیە بەرامبەر "تێکۆشەرانی رێگەی ئاشتی" دووبارە نەبێتەوە.
رۆژی شەممە، 28ـی ئاداری 2026، ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک کرایە ئامانجی هێرشێکی درۆنی. بەهۆی ئەوەی کەس لە ماڵەکەدا نەبووە، هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانی مادی بە ماڵەکە گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ