چین لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی: دژی بە ئامانجگرتنی شوێنە سڤیلەکانین

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری راپۆرتەکانن لەسەر ئەو پرسە و دژی هەر هێرشێکن بۆ سەر ئامانجە سڤیلەکان. 
 
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیارێکی مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە چین لەبارەی هێرشی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە تێبینی راپۆرتە پەیوەندیدارەکانمان کردووە. چین دژی هەر کارێکە کە هێرش بکاتە سەر مەدەنییەکان و ئامانجە ناسەربازییەکان". 
 
داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیێنن و شەڕ رابگرن. دەشڵێت هانی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدەن.
 
ئەم هەڵوێستەی چین دوای ئەوە هات، رۆژی 28ـی ئەم مانگە، لە دهۆک بە درۆن هێرشکرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هێرشەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. 
 
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداو و تەنگەی هورمزیشی لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە داخستووە.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دەستپێکی جەنگەکەوە زیاتر لە 500 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە