رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، لە سووریا بە فەرمی رێگە بە چالاکییەکانیان دراوە؛ گوتیشی، ''دوای کردنەوەی نووسینگەمان لە دیمەشق، دەست بە پێشکێشکردنی پلانەکانمان لە هەموو سێکتەرەکان دەکەین.''
لە سەردەمی حکومەتی بەشار ئەسەددا، بە فەرمی رێگە بە چالاکیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سووریا نەدەدرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-04-2025، رەواج حاجی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەدوای پێشکێشکردنی داواکارییە یاساییەکان، ''ئەمڕۆ بە فەرمی وەڵامدراینەوە کە مافی ئەوەمان هەیە، لە سووریا کار بکەین، بەتایبەتی لە دیمەشق و شارەکانی دیکە.''
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین نووسینگەی فەرمی هەیە و بەبێ کێشە کار دەکات، رەواج حاجی دەڵێت، ئێستا ''لە دیمەشق و هەموو پارێزگاکانی دیکەی سووریا کە پێشتر رێگەمان پێنەدەدرا، مۆڵەتی فەرمیمان بۆ هاتووەتەوە و ئێستا دەتوانین وەکو رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کار بکەین.''
رەواج حاجی گوتیشی، ''سووریا لە هەموو بوارێکەوە پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و هاوکاری هەیە، نزیکەی 14 ساڵە لە وێرانی و شەڕ و کوشتارێکی زۆردایە، ئاوارەیەکی زۆر هەیە لە نێوخۆی وڵاتەکە و زیاتر لە حەوت ملیۆن پەنابەر و ئاوارە هەن کە خەڵکی سووریان و لە دۆخێکی خراپدان، ئێمە دوای کردنەوەی نووسینگەمان، دەست بە پێشکێشکردنی پلانەکانمان دەکەین، بۆ ئەوەی لە هەموو سێکتەرەکان یارمەتیدەر بین.''
رەواج حاجی لەبارەی چالاکییەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان گوتی، ''بەداخەوە ئێمە تەنیا لە حاڵەتی فریاگوزاریدا لە رۆژئاوای کوردستان (ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) کارمان کردووە و بە ناچاری گەڕاوینەتەوە و رێگە نەدراوە لەوێ کار بکەین و نووسینگەمان هەبێت، بەڵام لەمەودوا هەوڵدەدەین لەوێش نووسینگەمان هەبێت و ئەگەر رێگریمان لێ نەکەن، کار بکەین.''
بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی باس لەوە دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 750 هەزار کەس لەنێو سووریا لە پڕۆژە خێرخوازییەکانیان سوودمەند بوون، ''ئەوە جیا لە گەیاندنی هاوکاری بە ئاوارەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، تورکیا و وڵاتانی دیکە.''
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەکو رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری خێرخوازی لە ساڵی 2005 دامەزراوە و جگە لە هەرێمی کوردستان، لە دەرەوەش چالاکی خێرخوازیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ