رووداو دیجیتاڵ
کاتی بەڕێکەوتنی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دیاری کرا، یەکەم کاروان لە 16ی ئایار دەستپێدەکات و دوایینیشیان لە 28ـی هەمان مانگ دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی نیسان، کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی 16ـی مانگی داهاتوو، هەزار و 645 حاجی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی بە 35 کاروان بەڕێدەکەون."
بەگوێرەی کاروان ستوونی، رۆژی 19ـی هەمان مانگ، کاروانی یەکەمی حاجییان کە ژمارەیان سێ هەزار و 491 حاجییە، بە رێگەی ئاسمانی لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعودیە بەرێ دەکەون، تاوەکو 28ـی مانگ گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوام دەبن."
کاروان ستوونی راشیگەیاند، "کاروانی حاجییانی وشکانی بە دوو رۆژ گەشت دەکەن، حاجییانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و گەرمیان، لە رۆژی 16ـی مانگی داهاتوو گەشت دەکەن، کاروانی حاجییانی پارێزگای هەولێر، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، لە رۆژی 17ـی هەمان مانگەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون."
سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی حاجییانیش، لە رۆژی 10ـی مانگی 6 و رۆژانی دواتر دەگەڕێندرێنەوە.
لەبارەی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمیی بە حاجییان، کاروان ستوونی گوتی، "لەگەڵ بانکەکان قسەمان کردووە و لە هەوڵی بەردەوامداین کە دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ حاجیان دابین بکەین، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک."
ساڵی رابردوو ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەوە بەبێ رێکاری تایبەت و بە ڤیزەی گەشتیاری یان ڤیزەی ساڵی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە. کاروان ستوونی دەڵێت: "بەگوێرەی بڕیارەکانی سعودیە، ئەم ساڵ کەس ناتوانێت بەو ڤیزانە حەج بکات، چونکە پێدانیان راگیراوە".
بە گوتەی کاروان ستوونی، ئەگەر سعودیە دان بە سەرژمێرییەکەی عێراقدا بنێت، ئەوا بۆ وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو و ساڵانی دواتر، زیاتر لە شەش هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان مافی حەجکردنیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ