رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی ئامەد دوای ئەوەی درزی رێڕەوی فڕگەکەی چاککرایەوە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی کرایەوە.
فڕۆکەخانەکە شەوی رابردوو بەهۆی دۆزینەوەی درز و کەلێن لە فڕگەکەی داخرا و سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بە شێوەیەکی کاتی راگیران.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەکارخستنی فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت سەر بە وەزارەتی گەیاندن و ژێرخانی تورکیا، شەوی پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، داخستن و راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوەدا، کاژێر 19:30ـی رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجامی دۆزینەوەی درز و کەلێن لە فڕگەی فڕۆکەخانی نێودەوڵەتیی ئامەد، دەستبەجێ بڕیاردرا بە داخستن و راگرتنی کاتی بۆ سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ئامەد. تیمێکی ئەندازیاریی پەیوەندیدار کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو درز و کەلێنانەی کە لە فڕگەکەدا سەریانهەڵداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی ئامەد راشیگەیاند، تیمەکان بەردەوام بۆ چاککردنەوەی درز و کەلێنەکان. بڕیارە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 30ـی ئایار کێشەکە چارەسەر بکرێت و گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکەدا ئاسایی بکرێتەوە.
بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی بۆ سەلامەتی فڕین، بوونی درز و کەلێن لە فڕگەکاندا، مەترسی رووداوی ترسناکی فڕۆکەکانی لێدەکەوێتەوە لە کاتی نیشتنەوە و فڕیندا. بەهۆیەوە تا چاککردنەوەی رێگە بە نیشتن و فڕینی هیچ فڕۆکەیەک نادرێت.
بە گوێرەی ئاماری فەرمیی وەزارەتی گەیاندن و ژێرخانی تورکیا، پار لە فرۆکەخانەی ئامەد دوو ملیۆن و 152 ھەزار و 412 سهرنشین بە 13 هەزار و 150 فڕۆکە گەشتیان کردووە. هەروەها 20 هەزار و 659 تۆن باری کارگۆی هەبووە.
فڕۆکەخانەی ئامەد، ساڵی 1952 دامەزرا. فڕۆکەخانەکە تاوەکو ساڵی 2016 فڕۆکەخانەی سڤیل و سەربازیی بوو. لەم ماوەیەدا 8 جار نۆژەنکراوەتەوە و شەش جار فراوانکراوە. 11 کم لە سەنتەری شار دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ