کوردستان
کەمپی ئیسیانە لە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک کە کوردانی ئێزدی تێدا نیشتەجێن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پێنج سکاڵا کۆدەبێتەوە؛ هەندێکیان پەیوەندییان بە باشووری کوردستانەوە هەیە، ئەوانیش داخستنی کەمپەکان، سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی و پرسی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان. وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق دەڵێت، دادگەکە بڕیاری کۆتایی دەدات.
سکاڵای یەکەمیان لەلایەن ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاکار داوا دەکات دادگەکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ی تەممووزی ئەمساڵی وەک دوا کات بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان داناوە.
عەلی عەباس، بەرپرسی لقەکان و گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 30-06-2024 بە رووداوی گوت: "ئەگەر هیچ پێشهاتێک نەیەتە پێش کە کاریگەری بخاتە سەر بۆچوونی دادگەکە، ئەوا بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی داخستنی کەمپەکان دەدات."
بابەتێکی دیکە تاوتوێکردنی سکاڵای وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانی و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە.
وەهاب هەڵەبجەیی لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت؛ جگە لەوەش سەرجەم ئەو سزایانەی لە دادگەی هەولێر دژی دەرچوون، هەڵبوەشێندرێنەوە.
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر ساڵى 2006 لە پەرلەمانی کوردستان پەسندکرا. لە مادەى 18دا ئاماژە بەوە دراوە، بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی کوردستان.
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەرکرد کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
یەکێکی دیکە لەو سکاڵایانەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە دژى پێنج مەرجى هێنانى ژنى دووەمە لە یاسای بارى کەسێتى کە لەدواى هەموارکردنى یاساکە لە پەرلەمانى کوردستان زیاد کراون.
بەگوێرەى هەموارەکەی پەرلەمانی کوردستان، هێنانى ژنى دووەم بێ رەچاوکردنى ئەو مەرجانە، سزاکەى بەندکردنە بۆ ماوەى ساڵێک بێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
ئەو مەرج و سزایانەى کە لە هەرێمى کوردستان بۆ هەموارى یاسای بارى کەسێتى ژمارە 188ى ساڵى 1959 زیاد کراون، لە عێراق نین. لە یاساکەی عێراقدا تەنیا دوو مەرج هەن بۆ هێنانى ژنى دووەم کە بریتین لەوەی کچەکە گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
پارێزەر بەرهەم رەئووف عەلى کە سکاڵاکەی کردووە، بە رووداوی گوت، لەسەر پێشنیازی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سکاڵاکەی لە دادگە کشاندووەتەوە و داواکاری کشاندنەوەی سکاڵاکەی پێشکێشی دادگەی باڵای فیدراڵی کردووە.
بابەتێکی دیکە سکاڵایەکە کە ئیحسان عەلى سلێمان بەهار، ئەمیندارى گشتیی پارتى رەوتى ئەحرارى شەبەک دژى پارێزگارى نەینەوا پێشکێشی کردووە لەبارەى فراوانکردنى نەخشەى شارى موسڵ.
سکاڵاکار داوای کردووە رێگری لە بڕیارى فراوانکردنى سنوورى نەخشەى بنەڕەتیی شارەوانیی موسڵ بکرێت و داواشی کردووە بڕیارێک دەربکرێت بۆ راگرتنى رێوشوێنەکانى ئەو فراوانکردنە بە ئاڕاستەى دەشتى نەینەوا.
ناڕەزاییەکانى بەشێک لە پێکهاتەکانى نەینەوا دژى ئەو فراوانکردنە ئەوەیە کە بەشێک لە ناوچەکانى دەشتى نەینەوا دەگرێتەوە کە دەکەونە سنوورى مادەى 140 و هێشتا خاوەندرێتیان لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى یەکلایی نەبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ