رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی تورکیا داوا لە بەغدا دەکات هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات و دەڵێت، داهاتی ساڵانەی ئەو بڕە نەوتە دەگاتە 40 ملیار دۆلار. ئەنقەرە نیگەرانە لەوەی بۆرییەکە بە تەواوی وەگەڕنەخراوە و پێشنیازی گواستنەوەی نەوتی بەسرەش بۆ هەمان بۆری دەکات، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی گەرووی هورمز.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، لە لێدوانێکدا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە وەگەڕنەخستنی تەواوەتیی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان- تورکیا نیشاندا و رایگەیاند: "لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، با بەبێ دروستبوونی کێشەی یاسایی لە نێوانمان، بۆریی نەوتەکە بە تەواوی وەگەڕبخرێت. ئامانجمان ئەوەیە 1.4 بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل بنێردرێت. ئێستا 1.5 ملیۆن بەرمیل بە واتای 40 ملیار دۆلاری ساڵانە دێت."
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، تورکیا چاوی لەوەیە ئەو نەوتەی عێراق لە باشووری وڵاتەکەی و لە بەسرەوە هەناردەی دەکات، بەشێکی بگوازێتەوە بۆ بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان.
بایراکتار لەمبارەیەوە گوتی: "بۆ گەیشتن بە 1.5 ملیۆن بەرمیل، پێویستە هێڵەکە بۆ باشووریش درێژ بکرێتەوە. چونکە تەنیا بە باکوور، کەرکووک و ئەوانی دیکە، دەتوانرێت نیوەی ئەو بڕە بنێردرێت. جا ئەگەر باشوور بێتە ناو ئەو بازنەیە، ئەوکات دەکرێت ئەم هەنگاوە وەک جێگرەوەی [گەرووی] هورمزیش بەکاربێت و ئاراستەی بەشێک لەو هەناردەیە بگۆڕدرێت."
بەرپرسانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق توانای هەناردەکردنی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە و داوا دەکەن نزیکەی 40%ـی ئەو بڕە، واتە 1.5 ملیۆن بەرمیل، لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بکرێت.
ئەم داوایەی تورکیا لە کاتێکدایە کە پێشتر رایگەیاندبوو لە 27-7-2026ـەوە، کار بە رێککەوتنە کۆنەکەی لەگەڵ عێراق ناکات سەبارەت بە بۆرییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ