دوو پەرلەمانتار و بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی: سبەی مووچەی مانگی حوزەیران دەنێردرێت

30-08-2025
A+ A-
 
سۆلین حەمەدەمین و نەهرۆ محەممەد
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و بەپێی رێککەوتن، دەبێت سبەی بەغدا مووچەی مانگی حوزەیران بنێرێت. دەشڵێت، "رۆژی دواتر راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین". دوو پەرلەمانتاری عێراقیش دەڵێن: "سبەی مووچە دێت".
 
رۆژی شەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو پابەندییەکانی خۆمان بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردوون، بەپێی رێککەوتن، دەبێت سبەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر ناردنی پارەی مووچەی مانگی حوزەیران بکات".
 
لەبارەی لیستی مووچەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "لیستی مووچە ئامادەیە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە لیستەکەدا نەکراوە و وەکو مانگەکانی رابردوو دەبێت، دوای ئەوەی بەغدا پارەکەی نارد، لیستی مووچە بڵاودەکەینەوە و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوودا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا و سبەی یەکشەممە مووچەکە رەوانە دەکرێت".
 
هاوکات شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "سبەی یەکشەممە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرج دەکرێت".
 
بۆ مووچەی مانگی ئایار، بەغدا بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دیناری نارد. سەرچاوەکەی رووداو باسی لەوە کرد: "بەهۆی زیادبوونی خانەنشینانەوە، پارەی مووچەی مانگی حوزەیران زیادی کردووە و نزیکەی یەک تریلیۆنە".
 
رۆژی 26ـی ئابی 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار درا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
 
رۆژی 28ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق".
 
لە چوار مانگی رابردوودا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتووە؛ دوایین جار رۆژی 24ـی تەممووز بوو کە مووچەی مانگی ئایار نێردرا و رۆژی دواتر دابەشکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.