رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی سێ مانگدا 16 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوری کەرکووک خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. کارکردن لە 6 پرد، چوار پارک و باخچە، 6 نەخۆشخانە و قوتابخانە بەردەوامە.
ئازاد ئەیوب ئەندازیارە و باس لەوە دەکات، "بە تێچووی 4 ملیار و 373 ملیۆن دینار ئەم پرۆژەیە لەسەر بوجەی پترۆدۆلار جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی کێشەی سووڕانەوە لەسەر ئەم شەقامە سەرەکییە نەمێنێت و رووداوەکانی هاتووچۆ کەم بکاتەوە، پردەکە کە تەواوبوو بەرزاییەکەی پێنج مەتر و 25 سم دەبێت و رۆڵی دەبێت لە رێکخستنەوەی هاتووچۆ."
ساڵێک زیاترە کەرکووک بوجەی نیە، تەنیا دەتوانی 60٪ـی بوجەی پترۆدۆلار بەکاربهێنێت و ئەمەش وایکردووە قەرزێکی زۆری بەڵێندەرەکان لەسەر ئیدارەی کەرکووک کەڵەکە ببێت.
ئەحمەد زەنگەنە، بەرێوەبەری شارەوانیی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم ساڵ کەرکووک هیچ بوجەیەکی نەبوو، ئەو پرۆژانەی جێبەجێکراوە لەسەر بوجەی پترۆدۆلار بووە بۆیە زۆربەی بەڵێندەرەکان پارەیان وەرنەگرتووە، چونکە بوجە نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی 500 هەزار مەتر چوار گۆشە کۆنکرێتی ئەو گەڕەک و کۆڵانانە کراوە کە چەندین ساڵە خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە."
بێ بوجەیی، کێشەی زۆری بۆ ئیدارەی شارەکە درووستکردووە، بەڵام بیرۆکە و پرۆژەکانی ئیدارەی کەرکووکی رانەگرتووە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "لە ساڵی 2024، 7٪ بودجەمان هەبووە، لە 2025 هیچ بووجەیەکمان نەبووە توانیمان ژمارەیەک پرۆژەی باش ئەنجام بدەین و ژمارەیەکی دیکە لە پڕۆژە باشەکان ئامادە بکەین کە لە مێشکی رێبوار و ستافەکەی دایە و لە سەرەتای ساڵی داهاتوو جێبەجێیان دەکەم."
رۆژانە 350 بۆ 375 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بەرهەم دەهێنرێت. پارێزگاکە نزیکەی 20 ملیار دیناری پارەی پڕۆژەکان قەرزاری بەڵێندەرانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ