پیاوێک لە کەرکووک گۆزەیەکی 5000 ساڵەی دۆزییەوە و بەهۆیەوە کەوتە زیندان

30-09-2025
عەدنان رەشید
سابیر شێخ بزێنی قسە بۆ رووداو دەکات
سابیر شێخ بزێنی قسە بۆ رووداو دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاونیشتمانییەک لە گوندی مەرزیخەی سنووری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک، لەبری ئەوەی خەڵات بکرێت دوای دۆزینەوەی گۆزەیەکی مێژوویی لە باخچەی ماڵەکەیدا، بۆ ماوەی دوو رۆژ دەستگیرکرا و ئێستاش مەترسیی چۆڵکردنی خانووەکەی لەسەرە.
 
سەرەتای مانگی تەممووزی ئەم ساڵ، سابیر شێخ بزێنی، لەکاتی کارکردنیدا گۆزەیەکی شکاو دەدۆزێتەوە کە ئێسک و خۆڵی تێدابووە. ئەویش "بە نیازپاکی" و لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی شوێنەواری ئاگادارکردووەتەوە.
 
چالاک شێخ بزێنی، کوڕی خاوەن ئەو ماڵەی گۆزەکەی تێیدا دۆزیوەتەوە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، رەتیکردەوە خانووەکەیان "نوێ" دروستکرابێت و نەیانزانیوە شوێنەوار لە باخچەکەیان هەیە.
 
چالاک شێخ بزێنی گوتی:"خانووەکەمان لە 2021 دروستکردووە، خانووی ماڵی مامیشم لە 2010 دروستکراوە. لە کاتی دۆزینەوەی گۆزەکە هەستمان بە بەرپرسیارێتی کرد و راستەوخۆ شوێنەوارمان ئاگادارکردەوە بێ ئەوەی دەستکاری بکەین. ئێمە ئەم بابەتە بە شەڕفرۆشتن دەزانین. بۆیە شوێنەوارمان ئاگادار کرد تاوەکو رێگە بگرین لەوەی کەس نەیەتە سنوورەکەمان و لە شوێنەوار بگەڕێن."
 
سابیر شێخ بزێنی، دانیشتووی گوندی مەرزیخەیە و خاوەن ماڵەکەیە، بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی گوت: "لەگەڵ بێڵەکە گۆزەکە دەرکەوت، گوتم با دەستی لێنەدەم و ئاسەوار ئاگاداربکەمەوە چونکە کۆنە."
 
 
دەستەی شوێنەواری کەرکووک سکاڵای یاسایی لەسەر سابیر شێخ بزێنی تۆمار کردووە، بە بیانووی ئەوەی خانووەکەی لەسەر ناوچەیەکی شوێنەواری دروستکردووە کە کارکردن تێیدا قەدەخەیە. رووداو چەند جارێک پەیوەندی بە دەستەی شوێنەواری کەرکووک کرد، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ قسەیەک لەمبارەوە بکەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان پشتڕاستی دەکاتەوە کە گۆزەکە شوێنەوارە و مێژووەکەی بۆ نزیکەی 5 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کە وەک گۆڕ بۆ ناشتنی منداڵ بەکارهاتووە. بە گوتەی شارەزایان، ئەمە بەشێک بووە لە کولتووری ناشتن لە چاخەکانی پێش مێژوو.
 
محەممەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئەمە کولتوورێکی ناشتنی کۆن بووە، تەرمی منداڵیان لەنێو گۆزەدا و لە ماڵەکانی خۆیاندا ناشتووە، چونکە پێیانوابووە بەو شێوەیە رۆحی منداڵەکە لەگەڵیان دەمێنێتەوە."
 
محەممەد لەشکری، گوتی: "ئەم شێوازەی ناشتنە دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوپێش. ئەو شوێنەی گۆزەکەی لێی دۆزراوەتەوە گومان دەکرێ شوێنەواری دیکەی تێدابێت."
 
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت: "تیمێکی تایبەتمان لە شوێنەواری کۆیە سەردانی گوندەکەی کرد، ئەوەی دەرکەوتووە شوێنەوارە و تیمەکەمان گوتیان، لە سنووری ناحیەی شوانە و لە رووی ئیدارییەوە لە سنووری ئێمە نییە و ناتوانین هیچ دەستکارییەکی بکەین ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ شوێنەواری کەرکووک نەکرێت."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی شوان، هۆکاری دەستگیرکردنی مام سابیر و براکەی و رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر یاسا و  رێکاری ئیداری، بۆ "نەزانین" دەگەڕێنێتەوە. د. هەوراز شوانی، گوتی: "دوای ئاگادارکردنەوەمان، شوێنەواری کەرکووک تیمێکی ناردووە و بۆیان دەرکەوتووە شوێنەکە دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی کە کارکردن تێیدا قەدەخەیە و شوێنەوار بابەتەکەی داوەتە یاسا، یاسا قسەی یەکەم و کۆتایی لەمبارەوە دەدات."
 
سەرەڕای نیازپاکییەکەیان، یاسا رێڕەوی خۆی وەرگرت. پارێزەرێک دەڵێت، دەستگیرکردنەکە "رێکارێکی یاساییە" و شوێنەوار مافی هەیە داوای چۆڵکردنی ماڵەکە بکات و لە بەرامبەردا قەرەبوویان بکاتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، هاوئاهەنگیی ئیداری لەنێوان شوێنەواری کەرکووک و هەرێمی کوردستاندا نییە و تاوەکو ئێستا گۆزەکە هەڵنەگیراوەتەوە.
 
نەوزاد عەریف رەمەزان، لە بەرپرسیار، گوتی: "بەپێی یاسا هەرکەسێک شوێنەوارێک دەدۆزێتەوە، دەبێت هەواڵ بداتە شوێنەوار لە ماوەی 24 کاژێر. دەستگیرکردنەکە یاساییە. شوێنەوار مافی هەیە داوای چۆڵکردن بکات و خانووەکە 'ئیستملاک' بکات و قەرەبووی خانوو و کێڵگەکە دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر موڵکیش بێت."
 
سەرەڕای گرنگیی دۆزینەوەکە، تاوەکو ئێستا گۆزەکە لە شوێنی خۆی ماوەتەوە و بۆ هیچ مۆزەخانەیەک نەگواستراوەتەوە، ئەمەش خێزانەکەی تووشی سەرسوڕمان کردووە. سابیر دەپرسێت: "ئەگەر ئەوەندە بەنرخە و شوێنەوارە بۆچی هیچ تیمێک نەهاتووە بۆ هەڵگرتنەوەی و بردنی بۆ مۆزەخانە؟، یان لێکۆڵینەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.