رووداو دیجیتاڵ
لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەست بە چاندنی درەخت کرا. سەرۆکی حکومەت دەڵێت، دەرفەتی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و کاریگەریی زۆری لەسەر کەشوهەوای هەولێر دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەست بە چاندنی دار لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر کرا.
مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمی دەستپێکی پڕۆژەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و پڕۆژەکەی بە "گرنگ و مێژوویی" ناوبرد، دواتر خۆی یەکەم داری لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی چاند.
لە پڕۆژەکەدا داری زەیتوون و فستق بۆ سەوزکردنی چواردەوری هەولێر بەکاردەهێنرێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ''کۆمپانیا تایبەتەکان کە لەگەڵ حکومەت بەشدارن بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە، لە داهاتوودا دەتوانن بەردەوام بن لە سوودوەرگرتن لە بەرهەمی دارەکان.''
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە کاریگەری لەسەر رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان دەبێت، ''دۆستەکانمان بەڵێنی ئەوەشیان پێداوین کە ئەو گەنجانەی دەیانەوێت لەم پڕۆژەیەدا کار بکەن راهێنانیان پێبکەن، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم پشتێنەی سەوزاییە بکەن.''
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، بە شێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی بازنەیی 150 مەتری. سەرۆکی حکومەت گوتی، ''ئەمە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر کەشوهەوای هەولێر دەبێت و دەکرێ ژینگەیەکی تەندروستتر بۆ ئێمە دروست بکات. هەروەها دەکرێ ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ هەموو هاووڵاتییان.''
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''هەمووکات لە بەرنامەی ئێمەدا بووە کە ئابووریی هەرێمی کوردستان فرەچەشن بکەین، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت و گاز نەبەستین، بەڵکو گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدەین و بەرەو پێشیان بخەین.''
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەو پڕۆژانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا جێبەجێکراون یان کاریان لەسەر دەکرێت و گوتی، ''هەموویان بۆ ئەوەن کە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە سەرچاوە سرووشتییەکان وەربگرین کە لە وڵاتەکەماندا هەیە.''
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو عێراق و هەموو جیهانیش دەگرێتەوە، ''بۆیە پێویستە بابەتی ژینگەپارێزی زۆر بە گرنگ وەربگیرێت، ئەوەی کە ئێستا دەتوانین بیکەین، لەوانەیە سبەی درەنگ بێت، با لە ئێستاوە هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ژینگە بنێین.''
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانی کەشوهەوا یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردنە لە وڵاتان، ''داوامان لە وڵاتە بیانییەکان کردووە، یارمەتیی ئێمە بدەن بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە بابەتی ژینگەپارێزی نەبێت بە هۆکارێکی دیکەی کۆچکردن لە وڵاتەکەماندا.''
پڕۆژەکە بە پانیی دوو کیلۆمەتر و درێژیی 92 کیلۆمەتر بە داری زەیتوون و فستق سەوز دەکرێت، کە بڕیارە بە 8 قۆناخ جێبەجێ بکرێت.
لەو رووبەرەدا، ملیۆنان دار دەچێندرێن. زەیتوون و فستق دوو لەو دارانەن کە ئاودێریی زۆریان ناوێت، بۆ ئەم قۆناخە لە رێگەی ئاوی ژێرزەوییەوە ئاودەدرێن و دواتر 10 پۆندی ئاو و بەکارهێنانەوەی دووبارەی ئاوی قورس سەرچاوەی ئاودێرییان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ