رووداو دیجیتاڵ
کابینەی حکومەتی تورکیا، سبەی دووشەممە 1-12-2025 لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە و تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرۆسەی چارەسەری و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادارە لە سووریا.
بڕیارە کۆبوونەوەکە کاژێر 4ی ئێوارە لە کۆشکی کۆماری بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەبچێت.
لە کۆبوونەوەی کابینەدا پرۆسەی چارەسەری و پێشهاتەکانی سووریا تەوەری سەرەکی دەبن.
کارەکانی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە لەگەڵ پەکەکە هەڵدەسەنگێندرێن.
پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی دوایین بڕیاری پەکەکە بۆ پاشەکشێ لە ناوچەکانی زاپ و مەتین بکرێت و تاوتوێی هەنگاوی پێویست بکرێت. هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و سووریا، تاوتوێ دەکرێت.
بە گشتی لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتەکانی ناوچەکە، ئابووریی تورکیا و شەڕی ئۆکراینا و رووسیاش دەکرێت.
چاوەڕێ دەکرێت لەدوای کۆبوونەوەی کابینە، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ساز بکات و بڕیارەکانی کابینە بۆ رای گشتی رابگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ